رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو گوندەکانی شلینێ، شیدنێ و سووریا سەر بە ناحیەی باتیفا لە زاخۆ لەلایەن سوپای تورکیاوە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان کران، شەڕ و پێکدادانیش لەنێوان هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.
هۆگر دێمکی، خەڵکی گوندی دێمکا بە رووداوی راگەیاند، لەڕێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە سوپای تورکیا بۆردوومانی گەریلاکانی پەکەکەی دەستپێکرد، ماوەی 45 خولەکە شەڕ بەردەوامە.
بە گوتەی شایەتحاڵەکە، ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکە دروستبووە، ئاگر لە سنووری گوندەکانی شلینێ و شیدنێ کەوتووەتەوە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە.
شەڕ و پێکدادانی ئێوارەی ئەمرۆی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە گوندی شیدن نزیکەی پێنج کاژێری خایاند، تاوەکو ئێستا هیچ لایەکیان قەبارەی زیانە ماددی و گیانییەکانیان بڵاونەکردووتەوە.
عارف مهعروف، موختاری گوندی گڕێبیێ به تۆری میدیایی رووداو رایگهیاند، "دوای دوو هێرشی پهکهکه له گوندی شیدن بۆ سهر خاڵهکه کالگهۆرێ له گوندی گڕێبی، سوپای تورکیا له رێگهی سێ فرۆکهوه له کاژێر 2:30 تاوهکو 7:30 هێرشیکردە سەر گهریلاکانی پهکهکە".
لەلایەکی دیکەوە دوو رۆژە خەڵکی گوندی ئۆرە لە کانی ماسێ گیریان خواردووە و ناتوانن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە، یوسف ئیبراھیم، خەڵکی گوندی ئۆرەیە بە رووداوی راگەیاند، شەش ماڵ لە گوندەکە دەژین و دوو رۆژە بەھۆی چڕیی بۆردوومانەکانی تورکیا ناتوانن لە گوندەکە دەربچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ