پێشەوا هەورامانی: کێشەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەر دەکرێت

26-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
پێشەوا هەورامانی: پێشتریش کێشە لە ناردنی داهات لە سلێمانییەوە هەبووە
پێشەوا هەورامانی: پێشتریش کێشە لە ناردنی داهات لە سلێمانییەوە هەبووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "زانیاری هەیە کێشەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەر دەکرێت".
 
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە بابەتی نەناردنی داهاتی سلێمانی تاوتوێدەکەن، و دەڵێت، "هەوڵێک هەیە بۆ یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران بدرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "پێشتریش کێشە لە ناردنی داهات لە سلێمانییەوە هەبووە، ئەمڕۆ 65 واژۆمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی حکومەت بێتە پەرلەمان و بەدواداچوون بکات بۆ ئەو پرسە". 
 
ئەم قسانەی هەورامانی لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە پرسی مووچە و گەڕانەوەی داهات مشتومڕێکی گەرم و تووندی دروست کرد، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان گوتی، "حکومەت پارەی نییە بە 21٪یش مووچە دابەش بکات"، پێشەوا هەورامانی پەرلەمانتاری پارتییش نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە دابەشکردنی مووچە بە لێبرینەوە و گوتی: "دوو پارێزگا هەتا دوێنێش تەنیا 30٪ داهاتیان گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوەش هۆکارە بۆ دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینەوە".
 
هەروەها ئازاد حەمەئەمین لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو، وەڵامی پەرلەمانتارانی دایەوە و رایگەیاند: "هەموو داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، داهاتی سلێمانی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە و کۆی داهاتی سلێمانی بە ژمارە دەچێتەوە وەزارەتی دارایی.
 
بە گوتەی هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی کە ئەویش پارتییە دەڵێت، "سلێمانی 36٪ی داهاتی بۆ خەزێنەی حکومەت هەیە و 43٪ی داهاتی حکومەت دەبات".
 
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، داهاتی دەروازە سنوورییەکان راستەوخۆ دەچێتە وەزارەتی دارایی و تەنیا لە مانگی نیسان 153 ملیار دیناری دەروازەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت.
 
کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات نووسراوێکی وەزیری دارای بە بەڵگە دەهێنێتەوە کە بڕی 153 ملیار لە داهاتی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە وەزارەتی دارایی، دەشڵێت، "یەکێتی بەربەست نییە لەبەردەم دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەی بەربەستە، پرسی نەوت و قاچاخییە لە دەوازە سنوورییەکان".
 
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داهاتی پارێزگای سلێمانی کەمێک کەمتر بووە لە مانگانی رابردوو و بەهۆی کەمیی پارەی بەردەست -سیولە- دابەشکردنی مووچە چەند رۆژێک درێژ دەکرێتەوە، پێویست بە دڵەراوکێ ناکات و حكومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر ئەوەی کە 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر، زانیاری لە هاونیشتمانییەک وەردەگرن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئەو خێزانانەى ئامادەنین؛ دەتوانرێت وەڵامی 77 پرسیارەکەیان لێ وەربگیرێت

ئەو خێزانانەى ناویان بۆ سەرژمێرى تۆمار نەکراوە رۆژێکى دیکەیان لە بەردەمدایە بۆ ئەو هەنگاوە، ئەو خێزانانەى ناوچە کوردستانییەکانیش کە گەڕاونەتەوە بۆ سەرژمێرى، بەبێ ئامادەبوونى خۆشیان دەکرێت زانیاری ئەو 77 پرسیارەیان وەربگیرێت کە لە کۆتایی قۆناخى سەرژمێرى دەکرێت.