شاندێکی ئیمارات سڵاوی محەممەد بن زاید دەگەیێنێتە مەسرور بارزانی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی مانگی سووری ئیماراتی کرد و شاندە ئیماراتییەکە "سڵاو و رێزی شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان"یان گەیاندە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی سێشەممە 25ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە محەممەد ئەلفەلاحی، ئەمینداری گشتیی دەستەی مانگی سووری ئیماراتی و شاندێکی یاوەری کرد.
 
لە دیدارێکدا کە ئەحمەد ئەلزاهری، کۆنسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر ئامادەی بوو، "شاندی میوان سڵاو و رێزی شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی-یان بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئاماژەیان بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد لە هەموو بوارەکاندا".
 
شاندە ئیماراتییەکە جەختیان کردەوە کە ئیمارات بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەمپەکان.
 
هەروەها شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیشاندا کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چەندین بەرنامە و پرۆژەی خێرخوازیی هاوبەش.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ هاوکارییەکانی ئیمارات، بەتایبەتی مانگی سووری ئیماراتی، خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.