پەرلەمانتارێک: بەپێی رەشنووسی یاسایەک سزای شێواندنی شوێنەوارەکەی قەرەداخ زیاتر لە ملیۆنێک دۆلارە

25-05-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دەربەندی گاوری سنووری قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی، دەستڕێژ لە شوێنەوارێکی دێرین دەکرێت و دەشێوێنرێت، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "بەپێی رەشنووسی یاسای پاراستنی شوێنەوار سزای ئەو کەسەی تەقەی کردووە پێبژاردنی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دەبێت".
 
زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی ماددەی 25ـی یاسای پاراستنی شوێنەوار کە پەرلەمان پەسندی کردووە، بەڵام هێشتا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە سزای ئەو کەسانەی پەیکەر و شوێنەواری دێرین دەشێوێنن بەپێی بەهای شوێنەوارەکەیە، ئەو پەیکەرە بەهایەکی مێژوویی گەورەی هەیە و لانیکەم ئەو کەسەی تەقەی لێکردووە سزاکەی پێبژاردنی یەک ملیۆن دۆلارە".
 
ئەو پەرلەمانتارە کە شارەزایەکی شوێنەوارە و مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین بووە، لەبارەی پەیکەرەکەوە دەڵێت، "ئەو پەیکەرەی تەقەی لێکراوە هیی پاشا شولکییە، یەکێکە لە نەوەکانی سێیەمی ئاشورییەکان، پەیکەرەکە لەنێوان ساڵانی 2094 بۆ 2047ی پێش زایین دروستکراوە کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ دەکات، بایەخێکی مێژوویی گرنگی هەیە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو شارەزایەی شوێنەوارە مێژووییەکان گوتیشی پێشتر بۆچوونەکان وابوون کە پەیکەری نەرامسین بووە، بەڵام پاش شیکردنەوەکان دەرکەوت وا نییە.
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ماوەیەکە هێرش و شێواندنی شوێنەوارەکان لە هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە و پێویستە بەتووندی سزای ئەو کەسانە بدرێت کە ئەو کارانە دەکەن، پێشتر هێرشکرایە سەر پەیکەرێکی هاوشێوە لە چیای بەنی هەریر لە پارێزگای هەولێر، ئەوانەی بە قسەی د. زیدان برادۆستی ئەو کارە دەکەن کەسانی "نەزان و نەشارەزان لە بایەخ شوێنەوار و بە ئەنقەست گولـلە دەنێن بە پەیکەرەکانەوە".
 
لە ئەمساڵدا پەیکەرێک لە رانیە و یەکێکی دیکە لە چەمچەماڵ کە پەیکەرێکی بنەماڵەی بابانەکان بوون سوتێنران و شکێنران، هەروەها هەوڵی سووتاندنی گۆڕی کەسایەتییەکی ئایینی لە هەڵەبجە هەبوو.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە