لە سەقز هاونیشتیمانییەک لەسێدارە درا

25-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتیمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز لە سێدارە درا. 
 
بەپێی زانیارییەکان، فەرزاد خادم، خەڵکی شاری سەقز سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارەدراوە.
 
رۆژێک بەر لە سێدارەدانی، ئەو بەندکراوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، گواستراوەتەوە ژووری تاکەکەسی زیندانی سەقز. 
 
خادم چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە هاوڕێکانی" بە ناوی تیرداد ئاتەش ئەفروز، دەستبەسەرکرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 114 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون. 
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ساڵی رابردوو 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، کە 151 کەسیان کوردن.
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە