پەروەردەی سلێمانی: هەر مامۆستایەک بەشداریی خولی بەهێزکردنی هاوینە بکات 400 هەزار دیناری دەدرێتێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، کردنەوەی قوتابخانەکانی سلێمانی لە وەرزی هاویندا بۆ خولی بەهێزکردنە، نەوەک دەوامکردن. دەشڵێت: ئەو مامۆستایانەی بەشداریی خولەکان دەکەن بڕە پارەیەکیان دەدرێتێ.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە 25-04-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە وەرزی هاویندا دەوامی ناچاری بە خوێندكاران و مامۆستایان ناكرێت، ئەوەی پێشنیازكراوە خولی بەهێزكردنە بۆ خوێندكارانی پۆلەكانی (یەك، چوار، حەوت و یازدە).
بەگوتەی دڵشاد عومەر، خولی بەهێزكردنەکە لە ساڵانی رابردووشدا هەبوو و، خوێندكار بڕێك پارەی دەدا، بەڵام ئەمساڵ پێشنیازیان كردووە خوێندكار هیچ پارەیەك نەدات، تەواوی خەرجییەكە لەسەر وەزارەتی پەروەردە بێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 178 بنكە بۆ ئەو خولانە دەبێت، دڵشاد عومەر گوتی "بۆ تەواوی پڕۆژەكە، داوای دوو ملیار و 547 ملیۆن و 500 هەزار دینارمان كردووە. بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری دەكەن بڕێك پارە دیاری كراوە، بەنموونە هەر مامۆستایەك كە ئارەزوومەندانە بەشدار دەبێت، بۆ هەر مانگێك 400 هەزار دینار وەردەگرێت."
خولی بەهێزكردنی ئەو قۆناخانە هەر 10 پەروەردەكەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە، وەزیری پەروەردە پێشنیازی كردووە لە هەموو ئەو ناوچانەی دەوام داواكەوتووە، ئەو خولانە بكرێنەوە.
بەهۆی دواكەواتنی مووچەكانیان، دەوامی ناوەندەكانی خوێندنی ساڵی 2023 بۆ 2024 لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان چەند مانگێک دواكەوت، ئێستاش بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خوێندنە خولی هاوینە دەكرێتەوە.