هۆشدارییەک لە وەزارەتی کشتوكاڵەوە بۆ جووتیاران: زوو دانەوێڵە پێگەیشتووەکانتان بدروونەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە جووتیاران بۆ پاراستنی گەنم و جۆیان لەو شەپۆلە باران و هەورەبرووسکە پێشبینیکراوە و دەڵێت، "گەنم و جۆی پێگەیشتوو بدروونەوە."
بەپێی پێشبینییەکان، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دوو شەپۆلی باران و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە برووسکەیشی لەگەڵدایە. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 25-04-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی پێشبینیکراوە رووداوێکی سرووشتییە و ناتوانین رێی لێبگرین، بەڵام دەکرێ جووتیاران پابەندی رێنماییەکان بن و زیانی (ئەگەر هەبێ) کەمبکەنەوە.
هیوا عەلی گوتی، "هۆشداریی دەدەینە ئەو جووتیارانەی جۆیان پێگەیشتووە یان گەنمیان بە کەڵکی درووێنە و قەرەخەرمان دێ، بیاندروونەوە، بۆ ئەوەی لە زیانەکانی ئەو باران، تەرزە و برووسکە بیانپارێزن."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 1ی مانگی ئایارەوە شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز ناو بە ناو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە دوای 5ی ئایارەوە شەپۆلی دووەمە کە بەهێزترە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، لە شەپۆلی دووەمی بارانبارین تەرزەش دەبێت و تاوەکو ئێستا هەولێر، سلێمانی، ئیدارەی سۆران و گەرمیان لەسەر هێڵی لافاون، بەڵام دەکرێ ئەوەی پێشبینی کراوە بگۆڕێت و روونەدات.
لەبارەی پلەی گەرما محەممەد کەمال گوتی، لە سەرەتای مانگی داهاتوو پێشبینی دابەزینی نزیکەی پێنج پلە دەکرێت.