ئاسایشی هەولێر: بکوژی کاوە بازیانیمان دەستگیرکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بکوژی کاوە بازیانییان لە ماڵێکدا لەو شارە دەستگیر کردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-04-2023، ئاسایشی هەولێر دەقی دانپێدانانی بکوژی کاوە بازیانیی بڵاوکردەوە کە ناوی بابان ئیبراهیمە و دەڵێت، "لە ماڵی هاووڵاتی عەلی مەحموود" دەستگیریان کردووە.
 
لە راگەیێندراوی ئاسایشی هەولێردا هاتوو، "دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت کە تۆمەتبار (بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری بوون لەسەر شوێنی حەشاردانی تۆمەتباری ناوبراو، دوای دەستنیشانکردنی شوێنی داڵدەدانی تۆمەتبار و وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری ليکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 25-4-2023، تواندرا تۆمەتبار (بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) لە شاری (هەولێر/گەڕەکی راستی) لە ماڵی هاووڵاتی (عەلی مەحموود محەمەد) ناسراو بە (عەلی سیاسی) دەستگیر بکرێت، هاوکات خاوەنماڵ (عەلی مەحموود محەمەد) بەپێی ماددەی (271) لە یاسای سزادانی عێراقی بەتۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبار دەستگیر کرا."
 
تۆمەتبار لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت "کاوە بازیانی لە هەشتاکاندا و پێش لەدایکبوونی من، باوکمی کوشتووە".
 
عەلی مەحموود، ناسراو بە عەلی سیاسی کە تۆمەتبارەکەی داڵدەداوە، باس لەوە دەکات، "دوای ئەوەی بابان کەسێکی بریندارکرد، هاتە ماڵەکەی من و داوای کرد داڵدەی بدەم تاوەکو بریندارەکە چاک دەبێتەوە".