وەزارەتی ناوخۆ چەند رێنماییەک لەبارەی هەڵگرتنی چەک ئاراستەی حیزبەکان دەکات

25-04-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن وەزارەتی ناوخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاسا و رێنماییەکانی بواری چەکی ئاراستەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد و داوایان لێ دەکات، لە بارەگاکانیان کۆگای چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروستبکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25-04-2023 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی ژمارە ک/10338ـی ئاراستەی پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە یاسا و رێنماییەکانی بواری چەکی تێدایە.
 
لە نووسراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و پاراستنی سەر و گیانی خەڵک، بایەخی تایبەتی بە رێکخستنی دیاردەی چەکداری و سنووردارکردنی چەکی بێموڵەت داوە "،لەم بارەیەوە یاسای نوێی چەک ژمارە دوو-ی ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە. وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەردوو رێنمایی ژمارە پێنج-ی ساڵی 2022، رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان و رێنمایی ژمارە شەش-ی ساڵی 2022، رێنمایی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین دەرچوواند".
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "بە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییە ئاماژە بۆکراوەکان، کۆمەڵگەی کوردستان لە رووی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی تاوان و تووندوتیژی، دەچێتە قۆناخێکی پێشکەوتووەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسا و رێنماییانە، هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەنێوان دامەزراوەکانی حکومەت و هێز و لایەنە سیاسییەکان گرنگ و پێویستە".
 
وەزارەتی ناوخۆ داوای هەماهەنگی و هاوکاری لە هەموو هێز و پارتە سیاسییەکان دەکات "تا زەمینەی جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی بواری رێکخستنی چەک خۆش بکرێت و ئەم پرۆسەیە پاڵپشتیی فراوانی جەماوەری و سیاسی مسۆگەر بکات" و دەڵێ لەمبارەیەوە ئەم داواکارییانەی خوارەوە دەخەینە بەردەستتان و داوای هاوکاری و پاڵپشتیی دەکەین:
 
یەکەم: داوا دەکەین حیزب و هێزە سیاسییەکان بەشداری بکەن لە هەڵمەتەکانی هۆشیاریی هاووڵاتییان و ئەندامانتان، بۆ ئەوەی لە باری زۆر پێویستدا نەبێت، چەک لە ماڵەکانیان نەبێت و چەکی بێمۆڵەت هەڵنەگرن. بوونی چەک لە هەر ماڵێک، دەرفەتی تووندوتیژی و تاوان و یەکلاکردنەوەی کێشەی تەنانەت بچووکیش بە تووندوتیژی زیاد دەکات، بۆیە ئەگەر پێویست نەبێت، بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و ئەندامانی خێزانەکانیان، گونجاو نییە چەک لە ناو ماڵاندا هەبێت.
 
دووەم: پێمان باشە ئاگاداری ئەندام و لایەنگرانتان بکەن ئەوانەی چەکیان هەیە بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان خۆیان بگونجێنن.
 
سێیەم: داوا دەکەین کەناڵەکانی میدیاتان بخەنە خزمەت پرۆسەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ناتووندوتیژی بۆ ئەوەی هانی هاووڵاتییانمان بدەین کە بۆ ناکۆکییەکان لە رێی دادگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن و پەنا بۆ چەک و تووندوتیژی نەبەن.
 
چوارەم: داوا دەکەین هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی چەک (دەمانچە و کڵاشینکۆڤ) لە هیچ بۆنەیەکدا وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی.
 
پێنجەم: داوا دەکەین حزب و لایەنە سیاسییەکان لەپێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و بەکارهێنانی چەک، لە بارەگاکانیان کۆگای هەڵگرتنی چەکی پاسەوانەکانیان دروست بکەن بۆ ئەوەی پاسەوانی بارەگاکانیان تەنیا لە کاتی پاسەوانیدا چەکیان لا بێت و لەگەڵ خۆیان چەک نەبەنەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری دروست دەبێت، کە دواجار دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و تووندوتیژی، "ئەمەش بە قازانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان تەواو دەبێت، بۆیە چاوەڕوانی پاڵپشتی و هاوکاری لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە