د. پشدەر عەبدوڵڵا: رۆژانە پێنج تووشبووی نوێی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی هەفتەیەکە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی سەریهەڵداوەتەوە؛ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت، "رۆژانە پێنج تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێن." بەپێی ئەو پشکنینانەشی کە کردوویانن، گومانی زۆر هەیە نەخۆشییەکە ڤایرۆسی بێت و "ئەمەش لە دوو رۆژی داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی نیسانی 2023 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ژمارەی تووشبووان بە هەوکردنی پەردەی مێشک لەناکاو زیادیکردووە و ئەوەش بۆ ئێمە رووداوێکی تازەیە، ئەگینا ئەو نەخۆشییە دەیان ساڵە هەیە، بەڵام بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەم رێژە زۆرە گومانی لای ئێمە دروستکردووە."
 
بە گوتەی دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، رۆژانە پێنج تووشبوو بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆماردەکرێن و دەڵێت: "بە دڵخۆشییەوە ئەوەی تائێستا پێی گەیشتووین، پێدەچێت نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بێت کە ئەم ڤایرۆسەش دەیان ساڵە هەیە و تەنیا گواستنەوەکەی خێراتر بووە، ئەگەرچی هێشتا نەگەیشتووین بە ئەنجامی کۆتایی و هەندێک ئاماژەش ئەگەری ئەوەیان لا دروستکردووین نەخۆشییەکە بەکتریایی بێت."
 
ئاوێک لە چواردەوری مێشک هەیە و لەدوای ئاوەکەش چەند پەردەیەک مێشک لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێسکەکانی سەر دەپارێزێت. زۆرجار لە رێگەی خوێن، گوێچکە، هەوکردنی توورەکە هەواییەکان یان هەندێکجار لە رێگەی درزێکەوە کە لە سەردایە، ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕوو و (پاڕاسایت) دەچێتە نێو پەردەکە و تووشی هەوکردنی دەکات و کۆمەڵێک نیشانەی تێدا دەردەکەوێت.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال بۆ منداڵان روونیدەکاتەوە: "هەوکردنی ڤایرۆسی جیاوازە لە هەوکردنی بەکتریایی. بۆ چاکبوونەوە نەخۆشەکە پێویستی بە دژە باکتریا نابێت، بەڵام هەوکردنی بەکتریایی هەندێک مەترسیدارترە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، رەنگە لێکەوتەی ترسناکی وەکو ئیفلیجیی مێشک و لەدەستدانی بینایی یان بیستنی لێ بکەوێتەوە، بۆیە پێویستە تووشبووەکە زوو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو لێکەوتانە نەبێتەوە."
 
ئەم نەخۆشییە یەکەم جار لە هەڵەبجە دەرکەوت و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر منداڵ گەیێندرانە نەخۆشخانە کە هەندێکیان هێشتا لەژێر چارەسەر و چاودێریدان و دواتر لە سلێمانیش تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکرا.
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "زۆربەی ئەو تووشبووانەی سەردانیان کردووین لە ماوەی دوو رۆژدا تەندروستییان جێگیر بووە، تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەکەین پشکنینەکانیان بگەڕێتەوە و دڵنیاببینەوە نەخۆشییەکەیان ڤایرۆسییە، ئەگینا راستەوخۆ رەوانەی ماڵەوەیان دەکەینەوە."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، تائێستا چارەسەرکردنی نەخۆشەکان زۆر بەباشی چووەتەپێش و مردن بەو نەخۆشییە تۆمار نەکراوە، تەنانەت هیچ لێکەوتەیەکی خراپیش تۆمارنەکراوە، ئەو رووداوی مردنەش کە دوێنێ بڵاوکرایەوە کە گوایە بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە، کەسەکە تووشی سکچوون و رشانەوە بووبوو و درەنگ گەیێندرابووە نەخۆشخانە و تووشی وشکبوونەوەی  قورس بووە و لە رێگە گیانی لەدەستداوە."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا لەبارەی دۆخی دەرمان و توانا مرۆییەکانیان لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش قسەی کرد، گوتی: یەکێک لە دەرمانەکانمان کەمبوو و ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی دەرمانەکە دەکڕێت و بەپەلە بۆیان دەنێرێت، لەڕووی مرۆییشەوە کارمەندیان کەمە، بۆیە داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات لەڕووی دەرمان و پێداویستیی تاقیگەیی و کارمەندەوە هاوکاریان بن.
 
لەبارەی نیشانەکانی تووشبوون و رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونیکردەوە، ئەو منداڵانەی سەرئێشە و تایان هەیە با نەیاننێرنەوە قوتابخانە و لە منداڵەکانی دیکەی نێو خێزان جیابکرێنەوە. لە هەمووی گرنگتر، جگە لە پزیشکی پسپۆڕیی منداڵان و نەخۆشخانەی منداڵان، نەیانبەنە هیچ دکتۆر و نەخۆشخانەیەکی دیکە، قاپ و کەوچک و خاولی و شوێنی خەویان لە منداڵانی دیکەی جیا بکرێنەوە.