رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی بەشە غازەکەیانەوە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی خەلیفان نرخی غازی حکومی زیاد دەکەن و بەڕێوەبەری ناحیەکەیش دەڵێت، بڕیارەکە کاتییە.
رائید هەڵکەوت وڵاشی، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "15 رۆژە بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی غاز بە کارگەکان کێشەی کەمیی غاز لە ناحیەکەمان سەری هەڵداوە. ئەو بەشە غازەی پێشتر بۆمان دەهات بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان ئاماژەی بەوە دا، پێشتر هەفتانە هەزار و 600 بوتڵ غازیان بۆ چووە، لە کاتێکدا بەهۆی فراوانیی سنووری ناحیەکەیانەوە خواستی غاز هەفتانە 3 بۆ 4 هەزار بوتڵە.
هەڵکەوت وڵاشی جەختی لەوە کردەوە کە وەک چارەسەرێکی کاتی بەهۆی کەمبوونەوەی غاز لەو دوو کارگەی لە خەلیفان هەیە بڕیاریان داوە غازی حکومی و بازرگانی تێکەڵ بکەن لە پێناو ئەوەی هاونیشتمانییان دەستیان بکەوێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان باسی لەوە کرد، بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان غازیان پێنەدەگەیشت بۆیە ئێستا بە 9000 دینار دەیدەن بە بریکارەکان و ئەوانیش بە 9500 دینار دەیدەنە هاونیشتمانییان.
لەبارەی دابینکردنی غازی حکومییەوە بۆ چێشتخانە و پەلەوەرخانەکان و کارگەکان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان گوتی: "پێشتر نرخی غازی حکومیمان بە هەمان نرخی هاونیشتمانییان بەو شوێنانە داوە بۆ ئەوەی ناچار نەبن غازی حکومی بکڕن، بەڵام ئەم بڕیارە ئەوانیش دەگرێتەوە و بۆ یەک هەفتە غازی حکومی هەزار دینار لەسەر ئەوانیش گران دەبێت."
رائید هەڵکەوت وڵاشی دڵنیایی دا کە کێشەی غاز لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چارەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ