لە دوو هەفتەدا 34 کۆڵبەر بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی کەمتر لە 2 هەفتەی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە لە پارێزگای کرماشان 34 کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و رووداوی سرووشتی بریندار بوون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە 12 رۆژی رابردوودا 28 کۆڵبەر بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنوور و 6 کۆڵبەریش بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانەوە بریندار بوون و لەم ماوەیەدا کۆڵبەرێکیش لە سنووری پاوە گیانی لەدەستداوە.
 
تەنیا رۆژی شەممە 9 کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی کامێران، سەلاس و باوەجانی، روانسەر و جوانڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، سەربە شاری پاوە، بریندار بوون.
 
لە ساڵانی رابردوودا تەنیا دانیشتووانی سەرسنوور کۆڵبەرییان دەکرد، بەڵام لەم ساڵانەدا بەهۆی تێکچوونی رەوشی ئابووری، بێکاری و گرانییەوە خەڵکی شارەکانی دیکەش بۆ دابینکردنی بژێویی کۆڵبەریی دەکەن.
 
کۆڵبەرەکان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و لەڕووی ناچارییەوە دەچنە سنوورەکان و کۆڵبەریی دەکەن.
 
تاوەکو ساڵی 2017 هەندێ رێڕەو لە سنوورەکاندا هەبوون کە کۆڵبەرەکان بە ئازادی کۆڵیان لێیانەوە دەگواستەوە، بەڵام حکومەتی ئێران ساڵی 2017 ئەو رێڕەوانەی داخست.
 
داخستنی سنوورەکان نە تەنیا دیاردەی کۆڵبەری بنەبڕ نەکرد، بەڵکو قەیرانی ئابووری لە شارە سنوورییەکانیشدا قووڵتر کردەوە.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران دەڵێ: لە داهاتوویەکی نزیکدا رێڕەوە سنوورییەکان دەکەنەوە.