پۆلیسی راپەڕین: لە چوارقوڕنە کەسێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە کەسێک بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، بەگوتەی کەسوکاری کوژراوەکە "رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و  بکوژەکانیش  لە هەولێرەوە بۆ کوشتنی کەسەکە هاتوون."
 
رووداوەکە کاژێر 06:10 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 25-04-2021 روویداوە. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "راستە، کەسێک بە دەستڕێژیی گوللە کوژراوە. لە شوێنی رووداوەکەش 44 قاوەنی تەقیووی چەکی کڵاشینکۆڤ دۆزراونەتەوە و وەک بەڵگەی تاوان دەستیان بەسەرداگیراوە."
 
شاهێدحاڵێک کە لە نزیک رووداوەکە بووە و دانیشتووی چوارقوڕنەیە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئۆتۆمبێلێکی رەنگ سوور بە کۆمەڵێک چەکدارەوە لە نزیك كۆمەڵگەی فەرمانگەكانی چوارقوڕنە پیاوێکیان دایە بەر دەستدڕێژی گوللە و دواتر هەڵاتن."
 
بەگوتەی ئەو شاهێدحاڵە "کوژرانی ئەو کەسە لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتیی بووە."
 
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ف،ص،م) و تەمەنی 48 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە لە ناحیەی چوارقوڕنە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت "ئەو کەسەی کوژراوە لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیان لەلایەن چەند کەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەی لێکراوە و شوێنەواری 18 گوللـە بە جەستەیەوە هەیە."
 
کاژێر 10:00ی ئەمشەو پۆلیسی راپەڕین راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و لەبارەی تۆمەتباران و ئەوانەی تەقەیان کردووە، دەڵێت "تەقەکەرەکان دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ویستیان بە بازگەی ئاسایشی بالیسان بێ وەستان تێبپەڕن، تەقەیان لە بازگەکە کردووە و دواتر بە هاوکاریی دوو ئۆتۆمبێلی دیکە رادەکەن و ئۆتۆمبێلی سەرەکی کە لە رووداوی کوشتنەکە دا بەکاریانهێناوە بەجێدەمێنێت و ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن بازگەی ناوبراو دەستی بەسەردا گیراوە."
 
بەگوتەی قسەی کەسوکاری کوژراوەکە کە قسەیان بۆ پۆلیسی راپەڕین کردووە "کێشەکە رووداوێکی کۆمەڵایەتی بووە و هەردوولایەن خەڵکی هەولێرن، بەڵام کوژراو ماوەی چەند ساڵێکە لە چوارقوڕنە دادەنیشێت و بکوژەکانیش دانیشتووی هەولێرن و لە هەولێرەوە بۆ کوشتنی کەسەکە هاتوون."
 
پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسی ئیدارەی راپەڕینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکان بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
 
رۆژی 16ی ئەم مانگەش لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە، گەنجێک کوژرا. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە ئەو کەسەی کوژراوە "ناوی (ئـ. م. ب)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1987ـە. پیشەی پۆلیس بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین/ بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ژاراوە."