مایک پێنس و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامدەدەن

رووداو-هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەکەدا لەنێوان مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رەوشی ناوچەکە کرا. 


کۆشکی سپی لەبارەی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەوە بڵاویکردەوە کە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەیکردووە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیران بارزانی دوایین زانیاری لەبارەی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق دایە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و جەختی لەسەر گرنگی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ سەقامگیری ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی کردەوە، کە دوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعش بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

مایک پێنس دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئەو ئاوارە سڤیلانە و سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ پاراستنی پێکهاتە ئاینییەکان کە لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە. 

هەروەها هاتووە هەردوو سەرکردە باسیان لە دەرفەتەکان بۆ قوڵکردنەوەی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و کوردستان و کارکردنی نزیکتر بۆ رووبەڕووبونەوەی لایەنە خراپەکان کردەوە کە کاردەکەن بۆ ناسەقامگیری عێراق و لاوازکردنی سەروەرییەکەی.