بەرپرسانی خۆجێی دەرعا: بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیلەوە پێنج کەس کوژران

25-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای دەرعا بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل تۆپبارانی ناوچەیەکی پارێزگاکەیانی کردووە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران. 

رۆژی سێشەممە، 25ی ئاداری 2025، بەرپرسانی خۆجێی پارێزگای دەرعا لە تەلەگرام بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی کوایا لە رۆژئاوای دەرعا پێنج کەس کوژران. دەشڵێت، بەهۆی تۆپبارانەکەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون. 
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچی لەبارەی تۆپارانەکەوە نەگوتووە. 
 
بەرپرسانی تەلئەڤیڤ ناوە ناوە دەڵێن، رێگەنادەن هیچ گرووپێکی چەکدار بە حکومەتی دیمەشقیشەوە لە سنوورەکانیان نزیکببنەوە، لە هەر ئەگەرێکی لەو جۆرەدا، رووبەڕوویان دەبنەوە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هۆکاری ئەم کارەیان پاراستنی دانیشتووانی باشووری سووریایە کە بەشێکی زۆریان دروزن، ئەمە جگە لە پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و باکووری ئیسرائیل. 
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەو سەربازانەی بەشداریی جەنگەکانی وڵاتەکەیان کردووە لە قودس/ ئۆرشەلیم گوتی، "رێگە بە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام و سوپای نوێی سووریا نادەین بێنە ناوچەکانی باشووری دیمەشق". دەشڵێت، "داوای لە چەکداماڵینی باشووری سووریا دەکەین". 
 
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریا و بەشێکی باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە