رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی شارە جیاوازەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای ورمێی کرد و رەخنەی لە هەوڵەکانی تایبەت بە بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ گرت و لە بەرپرسانی پرسی: "بۆچی ئەو پلانانەی بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دانراون، جێبەجێ نەکراون؟"
پزیشکیان لەبارەی بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین کەڵک لە پشتیوان و لێکۆڵینەوەی مامۆستایانی زانکۆ، توێژەران و پسپۆڕان لەم بوارەدا وەربگرین".
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، لە ساڵی 1998 تاوەکو ساڵی 2019 لە نزیکەی 140 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵ لە رێژاوی دەریاچەی ورمێ کراوە و ئەوەش ساڵانە پێویستیی بە یەک ملیار و 400 ملیۆن مەترسێجا ئاوە و ئەو ئاوەش لە ئاوی دەریاچەی ورمێ وەرگیراوە.
بەنداوەکانی سەر ئەو رووبارانەی ئاو دەگەیێننە دەریاچەی ورمێ هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکەن. بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی چاودێریی ژینگەی ئێران، 99 بەنداو لە سەر رووبارەکانی دەریاچەکە دروستکراون.
ئەم دەریاچەیە ساڵی 1996 نزیکەی 33 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدا بوو، بەڵام ئێستا کەمتر لە یەک ملیار مەترسێجا ئاوی تێدایە.
ئێران تاوەکو ئێستا 27 پڕۆژەی بۆ بووژانەوەی دەریاچەکە داناوە، بەڵام ئاوی پێویست بۆ پڕکردنەوەی دەریاچەکە دابین نەکراوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 22ـی ئادار، ژمارەیەک لە ئازەرییەکانی بەشداربووی رێوڕەسمی شینگێڕانی شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ورمێ دژی کورد دروشمیان دا و بە نیشانەی هەڕەشە گۆپاڵیان بەرز کردەوە.
ئەوان لەو دۆخە ناڕازی بوون، چالاکڤانانی کورد 18ـی ئەم مانگە لە شاری ورمێ ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆزیان بە بەشداریی دەیان هەزار کەس بەڕێوەبرد.
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی دووشەممە 24ی ئادار رایگەیاند، 22 کەس کە لە رێوڕەسمی شینگێڕی بۆ ئیمام عەلی، رۆڵی سەرەکییان لە بێڕێزیکردن و ئاژاوەنانەوەدا هەبووە، دەستبەسەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ