رووداو – هەولێر
دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، دوای کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ لە بازاڕەکان، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی تەماتە و چەند بەرهەمێکی دیکە بدەن، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، هاوردەکردنی تەماتە دەستپێدەکەن.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە هاتووە: "دوای چاودێریکردنی بازاڕەکانی فرۆشتن لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، دەرکەوت تەماتە، کەلەرم، قەڕنابیت، کاهو، شێلم و چەوەندەر کەم بووەتەوە؛ تکایە رەزامەندی بدەن لەسەر کردنەوەی هاوردەکردنیان".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەکاتێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە رێگەنەدان بە هاوردەکردنی تەماتە لەبەر تەماتەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوان خۆیان داوای رێگەدان بە هاوردەکردنیان دەکەن".
هەر ئەمڕۆ، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عیراق بڕیاریداوە لە 01ـی چوارەوە قەدەخەی هاوردەی تەماتە لاببات، هەرێمی کوردستانیش پابەندی بڕیارەکە دەبێت و لە هەمان رێککەوتەوە هاوردەکردنی تەماتە دەستپێدەکاتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، لەسەر داوای جووتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، لە 26-01-2025ـەوە هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە و بەهۆیەوە بەراورد لە هەفتەی رابردووەوە نرخی تەماتە بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ