لە سنووری بانە و نەوسوود کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی دیکە بە جەڵتە گیانی لەدەستدا

25-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بەناوی سۆران عەبدی، تەمەن 22 ساڵ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا؛ هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی محەممەدبایەر محەممەدی، لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی یەکشەممە 24ی ئاداری 2024 هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد، بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی ئەو شارە بەناوی سۆران عەبدی بە سەختی بریندار کراوە، بەڵام لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی شەممە 23ی ئاداری 2024، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی کاکەڕەشی جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەرزاییەکانی نەوسوود، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرابوو.
 
هەروەها ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 24ی ئادار، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "زێڕان" سەر بە شاری جوانڕۆ بەناوی محەممەدبایەر محەممەدی، تەمەن 48 ساڵ، لە سنووری نەوسوود بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، کوڕی ئەم کۆڵبەرەش بەناوی میلاد محەممەدی، تەمەن 15 ساڵ، رۆژی هەینی 22ی ئاداری 2024 لەکاتی کۆڵبەریدا لە هەمان سنوور بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
 
لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، سێ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە کە دوو کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و یەکێکیان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2023 لانیکەم 32 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 307 کۆڵبەر بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بێسەرشوێن بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە