پاتریارکییەی کلدانەکان ئاهەنگەکانی جەژنی قیامە هەڵدەوەشێنێتەوە

25-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنی پاتریاریکییەی کلدان لە عێراق رایگەیاند بەهۆی مەرسوومی لەسەر کارلابردنی پاتریارکی کلدانەکان بڕیاردرا ئەم ساڵ هیچ ئاهەنگ و رێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی قیامە نەگێڕن، دەشڵێت: "بڕیارەکە پشتیوانییە لە کاردیناڵ لویس ساکۆ."
 
لەیس بنیامین، بەرپرسی راگەیاندنی پاتریاریکییەی کلدان لە عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە پشتیوانییە لە کاردیناڵ لویس ساکۆ کە ماوەی زیاتر لە نۆ مانگ دەبێت بەهۆی کشانەوەی مەرسوومی کۆماری بۆ راسپاردنی لە شوێنی خۆی دوورکەوتووەتەوە، بۆیە ئەمساڵ ئێمە تەنیا نوێژ دەکەین و ئاهەنگ و رێوڕەسمەکانی دیکە رادەگیرێت."
 
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی پاتریارکییەی کلدانەکانی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، پاتریارکییەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی جەژنی قیامەوە رایگەیاند، وەکو پاڵپشتییەک بۆ کاردیناڵ لویس ساکۆ کە ماوەی شەش مانگ دەبێت لەلایەن سەرۆککۆمارەوە مەرسوومی کۆماریی راسپاردنی لێ کشێندراوەتەوە، سەرجەم ئاهەنگەکانی تایبەت بە جەژنی قیامە هەڵدەوەشێننەوە و پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی حکومەت ناکەن.
 
ئەوەشی روونکردووەتەوە: "لە جەژنی قیامەی پیرۆز (31ـی ئادار) کە رێڕەوی رۆژووگرتنی گەورەی تێدایە، سەردەمی قوربانیدان و  قوربانیی ئازار لەگەڵ مەسیح نزیکدەبینەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بۆنەیە ویژدانیی رۆحییە و دڵی باوەڕداران تێیدا دەژێت.. لە چوارچێوەی ئەو دۆخە کەنیسەیی و رۆحییە پاتریارکییەی کلدانی رایدەگەیەنێت سەرجەم ئاهەنگەکان و رووماڵی میدیایی و پێشوازی لە بەرپرسانی حکومەت بەبۆنەی جەژنی قیامەوە هەڵدەوەشێندرێتەوە و تەنیا نوێژ دەکرێت."
 
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەشەوە روونیدەکاتەوە: "وەکو پشتیوانییەکە بۆ کاردیناڵ لویس رۆفائیل ساکۆیە کە ماوەی شەش مانگ دەبێت بەهۆی کشانەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە 147ـی ساڵی 2013 لێی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لە بارەگای مێژوویی لە بەغدا دوورە، بێ ئەوەی ئەو بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی هەبێت و تەنیا لە پێناو رازیکردنی لایەنێکی سیاسیی ناسراو کە خۆی لە میدیاوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا پاتریاریکییەی کلدان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە "پاتریارک نە کەسی کوشتووە و نە لە دارایی گشتی دزیی کردووە و نە میلیشیای لە دەرەوەی یاسا دروستکردووە، هیچ ئاشووبێکی تایفیشی دروستنەکردووە، بە پێچەوانەوە رۆڵی لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیان هەبووە."
 
جەژنی قیامە، جەژنێکی کریستیانەکانە و گوزارشت لە زیندووبوونەوەی پێغەمبەر عیسا (د.خ) دەکات و زۆربەی کات دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی مانگی نیسان.
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە."
 
گوتیشی: "هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتییە ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت"، جەختیشی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147 تەنیا بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە."
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا دوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، زۆربەیان کۆچیان کرد.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە