کۆمیسیۆن: وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێری حیزب و هاوپەیمانییەکان درێژ ناکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دوایین رۆژە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "تائێستا هیچ لایەنێک لیستی پێشکێش نەکردووە و وادەکەش درێژناکرێتەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دامەزراوەی راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی و کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 28ـی دوا مۆڵەتە بۆ هاوپەیمانێتی و حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن.
 
بەپێی کۆمیسیۆن لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی رۆژی پێنجشەممە، کۆتایی بەو وادەیەش دێت و دوای ئەوە لیستی بەربژێران وەرناگرن، کۆمیسیۆن دەشڵێت بەهۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆن دەبێت، بۆیە وادەکە بەهیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزب و هاوپەیمانێتییەک لیستی ناوی بەربژێرانی پێشکێش بە کۆمیسیۆن نەکردووە، ئێمە دەزانین رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، واتە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە حیزب و هاوپەیمانێتییەکان لیستەکانیان پێشکێش دەکەن."
 
سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی ناوی بەربژێران، عیماد جەمیل گوتی: "درێژکردنەوەی وادەکە جارێکی دیکە کاریگەریی لەسەر کاتەکان دادەنێت، چونکە کاتی کەممان لەبەردەستدا ماوە، بۆیە درێژناکرێتەوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "سەرجەم سیستمەکانمان تەواو کردووە و دەرکردووە، رێکارەکان بەردەوامن."
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک "رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان" لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئادار، 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".