لافاو بووە هۆی داخستنی رێگەی 10 گوندی پارێزگای لوڕستان

25-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دروستبوونی لافاو لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێگەی 10 گوندی سەر بە شاری کۆیەشت داخرا، کارەبای شاری دڵفان و هەردوو ناحیەی کاکاوەند و میربەگی سەر بەو شارەش بڕا.
 
لە رۆژی یەکشەممە 24ـی ئاداری 2024ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین لە سنووری پارێزگای لوڕستان دەستیپێکردووە. دروستبوونی لافاو بووەتە هۆی داخستنی رێگەی هاتووچۆی ژمارەیەک گوند و بڕینی کارەبای چەندین گوند، شار و شارۆچکە. 
 
محەممەد مورادی، قایمقامی کۆیەشت ئەمڕۆ (دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024) رایگەیاند، بەهۆی بارینی بڕێکی زۆری باران لە سنووری ئەو شارە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی سێمەرە و دروستبوونی لافاو، رێگەی هاتووچۆی 10 گوند داخراوە.
 
ئەو گوندانەی رێگەی هاتووچۆیان داخراوە بریتین لە: چەم بەرزۆ، چەم نەقدعەلی، قەبر محەممەد موراد، حوسێن بەگ، چەم میربەگ، چەم لەتوور، سیا کەمەرزالی، سەرگونداوی سەروو، سەرگونداوی خواروو، کاکاوەند.
 
قایمقامی کۆیەشت گوتی، هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەیەکی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی دانیشتوانی ئەو گوندانە دەستپێکردووە.
 
بەگوتەی محەممەد مورادی، رێگەی پای ئاستانیش کە دەکەوێتە ناحیەی تورهانی کۆیەشت، بە بڕیاری لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی شارەکە و بەمەبەستی رێگریکردن لە مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو، داخراوە.
 

عەلی جەهانی، قایمقامی پوڵدەختەریش ئەمڕۆ رایگەیاند، رێگەی کۆنی نێوان شارەکانی خوڕەمئاوا-پوڵدەختەر بەهۆی بەربوونەوەی تاشەبەردەوە داخراوە.
 
بەگوتەی عەلی جەهانی، تیمەکانی رێگەوبان هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکە دەستپێکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو نیوەڕۆ بکرێتەوە؛ گوتیشی، بارینی باران لە دوێنێ (یەکشەممەوە) لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڕی 110.6 ملیمەتر باران لە پوڵدەختەر باریوە.
 
هاوکات ئەسغەر قەهرەمانی، قایمقامی شاری دڵفان گوتی، بەهۆی بارینی بڕێکی زۆری باران و دروستبوونی لافاو، ناحیەی میربەگی سەربەس شارە وەک ناوچەی مەترسیدار دیاریکراوە.
 
قایمقامی شاری دڵفان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی بارینی باران و هەڵکردنی بایەکی بەهێز، کارەبای شاری دڵفان و ناحیەکانی کاکاوەند و میربەگیش بڕاوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە