رووداو دیجیتاڵ
تورکیا دەڵێت ساڵی رابردوو رێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاستی 10 ساڵی رابردوو دابەزیوە. چوار پارێزگای باکووری کوردستانیش زۆرترین رێژەی بێکارییان تێدایە.
رۆژی دووشەممە، 25-3-2024، ناوەندی ئاماری تورکیا (تورکسات) رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا، رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ 9.4٪ دابەزیوە، ئەوەش نزمترین ئاستە لە 10 ساڵی رابردوودا.
لە ساڵی 2022ـدا بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان 10.4٪ بووە. وەک تورکسات دەڵێت، رێژەی بێکاری لەنێو کەسانی 15 ساڵ و زیاتر، 318 هەزار کەس کەمی کردووە و بۆ 3 ملیۆن و 260 هەزار کەس دابەزیوە.
بەپێی تورکسات، لە ساڵی رابردوو بێکاری لەنێو پیاوان 7.7٪ و، لەنێو ئافرەتانیشدا 12.6٪ بووە.
بەپێی ناوەندی ئاماری تورکیا، لە ساڵی 2023ـدا بێکاری لەنێو کەسانی 15 بۆ 24 ساڵاندا 17.4٪ بووە، بەوەش 2٪ بەراورد بە ساڵی پێشتر دابەزیوە.
لە ئامارەکەدا دەردەکەوێت کە زۆرترین بێکاری لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و، زۆرترین دامەزراندنیش لە پارێزگاکانی تورکیا تۆمارکراوە.
تورکسات باس لەوەش دەکات، لە 2023 زۆرترین بێکاری لە شارەکانی وان، موش، بەدلیس و جولەمێرگ لە باکووری کوردستان بووە، کە 17.2% بووە. کەمترین رێژەکەش لە شارەکانی کاستامۆنو، چانکیری و سینۆپ لە تورکیا بووە بە 4.9٪.
لەدوای ئامارەکە، وەدار ئیشکهان، وەزیری ئاسایشی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هەر لە هەمان ماوە، ژمارەی ئەو کەسانەی هەلی کاریان بۆ دابینکراوە، 880 هەزار کەس زیادبووە، بەوەس ژمارەی ئەو کەسانەی دامەزراون گەیشتووەتە 31 ملیۆن و 630 هەزار کەس".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ