وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتەکان: لەگەڵ لیستی مووچە لیستی پلەبەرزکردنەوەش بنێرن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەدا، لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش بنێرن.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی کە لە 24-03-2024 دەریکردووە و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی کردووە، ئاگاداری سەرجەم یەکە ژمێریارییەکان دەکاتەوە "هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 3ـی 2024، لیستێکی دیکە ئامادە بکەن کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدابێت لەکاتی شایستەیان لەسەر ئاستی وەزارەت ئاراستە بکرێت بۆ کاری پێویست."
 
رۆژی 10-09-2023 دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، کە دووەم دانیشتنی دادگەکە بوو بۆ ئەو کەیسە. سکاڵاکە لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە راگیراوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکرابوو و دادگەکە بە پاساوی ئەوەی؛ ئەو بابەتە لە پسپۆڕی ئەودا نییە و دوای تاوتوێکردنی لەنێو دادوەران، بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی دا.
 
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
 
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و رێکخستنەوەی باج و رسوومات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو لیستە بۆ ئەوە ئامادە دەکات، کە پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و ئەو زیادەکەی بەگوێرەی پلەکەیان دەچێتە سەر مووچەکەیان بۆیان ببەسترێت.