هاتووچۆی گەرمیان: شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل لە رووداوێکدا گیانی لەدەستدا

رووداو - هەولێر

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و ماتۆڕسکیلێک لە شاری کەلار، لێخووڕی ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا؛ گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەڵاتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بێ ژمارەیە.
 
رۆژی شەممە 25ـی ئاداری 2023، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە ترافیک لایتی نزیک مزگەوتی بووخاری لە کەلار روویداوە، لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە کڵاوی سەلامەتیشی لەسەردا بووە، بەڵام دیارە لەکاتی لێدانیدا کڵاوەکەی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی زێدان بەکرە، لەدایکبووی 1996ـە و دانیشتووی گەڕەکی شارەوانیی کەلار بووە، وەکو موقەدەم سامان دەڵێت، پیشەی کرێکاریی بووە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلەی شۆفێرەکەی تۆمەتباری رووداوەکەیە لە جۆری نیسان پاترۆڵە؛ گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت: "شۆفێرەکە هەڵاتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بێ ژمارەیە و جامەکانیشی کەمێک تاریک و لێڵن."
 
جگە لە لێکۆڵینەوەکانی هاتووچۆ، تیمەکانی ئاسایش و پۆلیسی گەرمیانیش لێکۆڵێنەوەیان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ 2 هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، 773 رووداوی وەرگەڕان و 438 رووداوی شێلانیش هەبووە، لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەو ژمارەیە 78یان ئافرەت بوون، هەروەها 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.