دادگەیەکی پاکستان لەبەر کفرکردن سزای لەسێدارەدان بۆ پیاوێک دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دژەتیرۆری پاکستان بەتۆمەتی کفرکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیاوێکی دەستگیرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.
دادگەی دژەتیرۆری پاکستان رایگەیاند، پیاوێکیان بەناوی سەید محەممەد زشان، دەستگیرکردووە و بەپێی یاسای رێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و یاسای دژەتیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
لە پاکستانی زۆرینە موسڵمان، کفرکردن تاوانێکی گەورەیە و هەندێک جار تەنانەت بێ هەبوونی بەڵگەی سەلمێنەریش، خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو کەسانە دەکرێت کە تۆمەتی کفرکردنیان دەدرێتە پاڵ.
دادگەکە روونیکردووەتەوە سەید محەممەد، کە خەڵکی شاری مەردان-ی باکووری رۆژئاوای پاکستانە، جگە لە سزای لەسێدارەدان، بە 1.2 ملیۆن روپی پاکستانیش سزادراوە کە دەکاتە چوار هەزار و 300 دۆلاری ئەمریکی. سزابۆدەکراوەکە مافی تانەدانی هەیە.
ئەگەرچی یاساکانی پاکستان بواری ئەوە دەدەن کفرکردن بە مردن سزابدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسدا جێبەجێنەکراوە.
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی داد و ئاشتی لە پاکستان، لەماوەی 20 ساڵی رابردوو 774 موسڵمان و 760 لە پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی دیکە بە تۆمەتی کفرکردن (بێڕێزیکردن بەرامبەر بە خودا) سزای جۆراوجۆر دراون.