دادگەیەکی پاکستان لەبەر کفرکردن سزای لەسێدارەدان بۆ پیاوێک دەردەکات

25-03-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی دژەتیرۆری پاکستان بەتۆمەتی کفرکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پیاوێکی دەستگیرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد. 
 
دادگەی دژەتیرۆری پاکستان رایگەیاند، پیاوێکیان بەناوی سەید محەممەد زشان، دەستگیرکردووە و بەپێی یاسای رێگریکردن لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و یاسای دژەتیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. 
 
لە پاکستانی زۆرینە موسڵمان، کفرکردن تاوانێکی گەورەیە و هەندێک جار تەنانەت بێ هەبوونی بەڵگەی سەلمێنەریش، خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو کەسانە دەکرێت کە تۆمەتی کفرکردنیان دەدرێتە پاڵ. 
 
دادگەکە روونیکردووەتەوە سەید محەممەد، کە خەڵکی شاری مەردان-ی باکووری رۆژئاوای پاکستانە، جگە لە سزای لەسێدارەدان، بە 1.2 ملیۆن روپی پاکستانیش سزادراوە کە دەکاتە چوار هەزار و 300 دۆلاری ئەمریکی.  سزابۆدەکراوەکە مافی تانەدانی هەیە. 
 
ئەگەرچی یاساکانی پاکستان بواری ئەوە دەدەن کفرکردن بە مردن سزابدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسدا جێبەجێنەکراوە. 
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی داد و ئاشتی لە پاکستان، لەماوەی 20 ساڵی رابردوو 774 موسڵمان و 760 لە پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی دیکە بە تۆمەتی کفرکردن (بێڕێزیکردن بەرامبەر بە خودا) سزای جۆراوجۆر دراون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە