کاتی بانگدان لە سنووری ئیدارەی سۆران دەگۆڕدرێت

25-03-2023
ئەندام جەبار
.
.
نیشانەکردن سۆران رەمەزان بانگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سۆران رۆژژمێرێک بۆ هەموو ناوچەکە دانراوە و کاتی بانگدانی 10 خولەک لە هەولێر جیاکردووەتەوە، ئەوقافی سۆرانیش 600 مزگەوتی سنوورەکە پابەند دەکات کار بە خشتە تازەکە بکەن. 
 
ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و کەسانی شارەزا لە کات و رۆژژمێر دوای ئەوەی باسیان لە جیاوازیی کاتەکانی بانگ لەنێوان سۆران و هەولێر کرد، بوونە هۆی ئەوەی سۆران و دەوروبەری ببنە خاوەنی رۆژژمێری تایبەت بەخۆی، بەوپێیەش کاتەکانی بانگدان گۆڕدران.
 
مەلا مەحموود گەڵاڵی، شارەزا لە زانستی کات دەڵێ "هەرکاتێک یەک خولەک مابێت بۆ کاتی نوێژ و نوێژ بکەی، نوێژەکە قبووڵ نییە، بۆ ئەوەی نوێژەکانمان لەکاتی دروست و شەرعی بن، ئێمە هەوڵماندا حاجی ئۆمەران، چۆمان، هیران، بارزان و مێرگەسۆر بەشێوەیەکی زانستی و شەرعی لە هەولێر جیابکەینەوە". 
 
پێنج هۆکار وایانکرد لیژنەیەکی چوار کەسی کار بۆ دانانی رۆژژمێرێکی تایبەت بە سۆران و دەروروبەری بکەن، کە پێکهاتوون لە: هێڵەکانی درێژی و پانی، بەرزی و نزمی لە ئاستی رووی دەریا، پێوەری بەکارهاتوو و بیروڕای زانایان. 
 
بەگوێرەی ئەو رۆژژمێرە نوێیەی لە سۆران دانراوە، جیاوازی کاتەکانی رۆژ و شەو و بەڕۆژوبوون و بەربانگ کردنەوە لەگەڵ هەولێر، نزیکەی 10 خولەکە و ئێستاش لە سۆران و دەوروبەری، کار بە رۆژژمێرە نوێیەکە دەکرێت.
 
مەلا فەیسەل ساتی، وتاربێژ دەڵێ "ئێستا مشتومڕ پەیدا بووە، کە ئایا ئەو کاتانە بۆ وایان لێهاتووە، بۆ نموونە لە مزگەوتی خۆم باوکم پێی گوتووم، ئیستا کاتی بانگ نییە، بۆیە گرنگە مامۆستایانی ئایینی پابەند بن بەو کاتانەی لە رۆژژمێرەکەی سۆران دانراوە".
 
ئەوقافی سۆران 600 مزگەوتی سنوورەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە لە بانگدان و دیاریکردنی کاتەکانی نوێژ، کار بە رۆژژمێرە تایبەتەکەی دەڤەری سۆران بکەن.
 
د. پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران دەڵێ "ئەو مزگەوتانە دەبێت هەریەکەیان رۆژژمێرێکی هەبێت کە بەگوێرەی رۆژژمێرە تایبەتەکەی سۆران کاربکات، هەروەها خەڵک زیاتر بە کاتژمێری ئەلیکترۆنی کاردەکات، بۆیە دەبێت ئەو کاتژمێرە ئەلیکترۆنییانە کە پێشتر لەسەر کاتەکانی هەولێر پرۆگرام کراون، بیانگۆڕین و پرۆگرامیان بکەینەوە". 
 
سنووری ئیدارەی سۆران قەزاکانی: سۆران، چۆمان، سیدەکان، رواندز و مێرگەسۆر دەگرێتەوە. سەنتەری سۆران بەدووری 115 کیلۆمەتر کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و 700 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە