ئەو تەرمەی بە سووتێنراوی لە شێخان دۆزرایەوە هێشتا کەسوکاری نادیارە

25-03-2023
هونەر رەشید
.
.
نیشانەکردن شێخان کوشتن
A+ A-

 رووداو دیجیتاڵ 


هێشتا کەس خۆی نەکردووە بە خاوەنی ئەو تەرمەی دوێنێ ئێوارە لەنزیک قەزای شێخان لە دهۆک دۆزرایەوە. تەرمەکە هی پیاوێکە کە بە گوللـە کوژراوە، پاشان سووتێنراوە، سووتانەکەی ئەوەندە زۆرە سەرەتا کە دۆزراوەتەوە وایانزانیوە پلاستیکی سووتێنراوە.
 
ئەو شوێنەی درەنگانی ئێوارەی هەیینی (24-3-2023) تەرمەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، دەکەوێتە رۆژئاوای قەزای شێخان. سەرەتا منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ کە لەگەڵ باوک و برایەکی دیکەی هاتوون گیای بەهاری بکەن، بینیویەتی و لەترسا دەستی بە گریان کردووە.
 
ساهیر نەعمان، شاهێدحاڵە و دەڵێ "کوڕە تەمەن پێنج ساڵەکەم خێرایە، ئەو پێش ئێمە چوو و گەیشتە ئێرە و دەستی بە گریان کرد، وامزانی سەگ چوونەتە گژی و خێرا بۆ لای چووم، چونکە ئەو ناوە پڕ لە سەگ و ترسام. کە هاتم (تەرمەکەم بینی) سووتابوو، تەنانەت گوتمان ئەوە پلاستیکە، کە کوڕەکەم گریا و هاتمە نزیکی نەمدەگوت ئەوە مرۆڤە، دوایی گرووپێک هاتن و نزیک بوونەوە و یەکێکیان گوتی من لە موکافەحەم".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسە پێش ئەوەی بسووتێنرێت، گوللـەی لێدراوە و دوو فیشەک لە شوێنەکە دۆزراوەتەوە، هەروەها شوێنەواری گوللـە بە ملییەوە دیارە.
 
سەرەتا تاوانەکە لە قەدپاڵی گردێک کراوە و ئەو کەسە بە گوللـە لێی دراوە، شوێنەواری خوێن لە قەدپاڵەکەدا هەیە، ئیدی لەنێوان ئەو شوێنەی گوللـەکە لێ لێدراوە لەگەڵ ئەو شوێنەی لێی سووتێنراوە کە چەند مەترێک دەبێت، شوێنەواری پڕیشکی خوێن دەبینرێت. 
 
عەقید هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێ "بەهۆی ئەوەی تەواوی جەستەی ئەو کەسە سووتاوە، هێشتا دادپزیشکی راپۆرتی کۆتایی لەسەر ناسنامەکەی پێشکەش نەکردووە". هەروەها دەڵێ "کەسیش لە بنکەکانی پۆلیس سکاڵای لەبارەی دیارنەمانی کەسێک تۆمار نەکردووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە