بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی دایکی لاهوور شێخ جەنگی: خودای گەورە لێیخۆش بێت

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پەیامیان بۆ کۆچی دوایی دایکی لاهوور شێخ جەنگی بڵاوکردەوە و دەڵێن، "زۆر بەداخەوە خوای گەورە لێی خۆش بێت" و  "نموونەی ژنی قارەمان و تێکۆشەری کوردستان بوو".
 
قوباد تاڵەبانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی دایکی لاهور شێخ جەنگی کە هاوکات مامۆژنێتی بڵاوکردەوە و بەبێ ناوهێنانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ فاتمە خانی خێزانی مامە جەنگی رەحمەتیم کۆچی دوایی کرد، خوای گەورە لێی خۆش بێت و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت. انا لله وانا إليه راجعون".
 
بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 25-3-2023) دایکی لاهوور شێخ جەنگی کە ناوی فاتیمە قادرە کۆچی دوایی کرد. لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی کۆچی دواییەکەی، ئاشکرای کرد، سبەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی، پرسەکەی بەڕێوەدەچێت.
 
بەهەمان شێوەی قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە لە میدیاکانی حیزبەکەی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ "کۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر مەحموود)، ژنە دڵسۆز و شۆڕشگێڕەکەی رێگای خەبات لە دڵەوە نیگەرانی کردین".
 
‏‎بافڵ تاڵەبانی هەروەها دەڵێ "خاتوو فاتیمە مێژوویەکی درەوشاوەی لە رۆژگاری سەختی خەباتدا تۆمارکرد و سەرباری ھەموو نەھامەتییەکان، لە رێگا پیرۆزەکەی کوردایەتی لاینەدا و نموونەی ژنی قارەمان و تێکۆشەری کوردستان بوو. ‏‎لەخوای گەورە داواکارم دایکە فاتیمە بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و ئارامی بەھەموولایەک ببەخشێت".
  
هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی، بۆ کۆچی دوایی دایکیان، سەرەخۆشی لە خۆیان و خانەوادەکەیان کرد، هەروەها "هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامییان پێ ببەخشێت".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی کرد و "هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت".