رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25-3-2021، لە شارۆچکەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆ، شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە روویدا و تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزاندراون.
دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری شارۆچکەی باتیفا بە رووداوی گوت، بۆردوومانی تورکیا دوای ئەوە بووە کە لە کاژێر 05:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە گوندی گرێبییە و دوای ئەوە بۆردوومانی تورکیا بۆ دەوروبەری گوندەکە دەستی پێکردووە.
گوندەکە خەڵکی سڤیلی تێدا نیشتەجێن، بەڵام بە گوتەی دڵشێر عەبدولستار، ئەو ناوچەیەی تورکیا بۆردوومانی کردووە، شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە.
یوسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە رێگەی فڕۆکەوە بۆردوومانی ناوچەکە دەکات و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش چاودێریی ناوچەکە دەکەن.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، لە گوندەکانی بانکێ سەروو و بانکێ خوارووی سەر بە باتیفا، شەڕ لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزاندراون.
ڤیدیۆی شەڕەکە:
ئێستا؛ شەڕێکی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە سنووری شارۆچکەی باتیفا pic.twitter.com/WQuTdIJD7G
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 25, 2021
تورکیا بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە زۆر جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکەن، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە دوو ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینییان بۆسەر پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا چەندین سڤیل بوونەتە قوربانی و رووبەرێکی زۆر لە پاوان و دارستانەکانی کوردستان سووتاون.
تاوەکو ئێستا نە تورکیا و نە پەکەکەش لەبارەی ئەو شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیە راگەیێندراویان بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ