لە هەولێر خاوەنی کۆمپانیاکانی دابینکردنی خۆراک هەڕەشەی بایکۆتکردن دەکەن

25-03-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن هەولێر کۆرۆنا خۆراک
A+ A-
 
 
 
رووداو - هەولێر

خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەی خۆراک و پێداویستی بەسەر مارکێت و دوکانەکاندا دابەش دەکەن، بەهۆی رێگری و دروستکردنی کێشە بۆیان لە بازگەکانی نێو شاری هەولێر، هەڕەشەی بایکۆتکردن دەکەن. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان نییە و دەتوانن خۆراک و پێداویستییەکانی هاونیشتمانیان دابەش بکەن.
 
عەلی سۆران، خاوەنی کۆمپانیای دانیا بۆ پێداویستی پاککەرەوە و زەیت و چەرەسات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژانە تەنیا دوو کاژێر مۆڵەتمان هەیە بۆ دابەشکردنی کاڵاکانمان بەسەر دووکان و مارکێتەکاندا، بەڵام لە بازگەکان زۆر کێشەمان بۆ دروست دەکەن و رێگیرمان لێدەکەن، بۆیە ناتوانین وەکو پێویست کاڵاکانمان دابەش بکەین".
 
عەلی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە کە سەدان کۆمپانیاین و لە هەموو بوارەکاندا کاردەکەین، 90%ی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بەسەر هەولێر و شارەکانی دیکەشدا دابەش دەکەین. تا ئێستا بە نووسراوی کۆمپانیا کاردەکەین، بەڵام لە بازگەکان دانی پێدا نانێن و داوای نووسراوی پارێزگا و قایمقامیەت دەکەن، ئەوانیش دەڵێن پێویست ناکات".
 
خاوەنی کۆمپانیای دانیا باسی لەوەش کرد، "نوێنەرەکانمان رێگرییان لێدەکرێت و لە بازگەکان مۆڵەتی شوفێری و ساڵانەکانیان لێدەستێنن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیردرێت، بۆیە ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە بایکۆتی دابەشکردن دەکەین، بەمەش قەیرانی نەبوونی خۆراک و پێداویستییەکان لە فرۆشگە و دوکانەکان دروست دەبێت".
 
هاوکات  قایمقامی هەولێر دەڵێت، رێنماییان دەرکردووە و هیچ کێشەیەکیان نییە. نەبەز عەبدولحەمید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر رێنماییمان بۆ هاتووچۆی کۆمپانیاکان دەرکردووە و دەتوانن خۆراک و کاڵاکانیان دابەش بکەن، ناشبێت لە بازگەکان کێشەیان بۆ دروست بکرێت. لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی بازگەکان قسەمان کردووە و لەمەودوا ئاسانکارییان بۆ دەکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە