دەستەی ئامار: رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە %9یە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە 9%یە و رێژەی هەژارییش لە 5.45%ـە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند "رێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان بەپێی رووپێویی ساڵی 2018، کە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە شەش ملیۆن و 33 هەزار کەس دیاریکراوە لە 9%یە".
سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو رێژەیەش دەکاتە 278 هەزار کەسی بێکار لە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی هەژارییەوە سیروان محەممەد رایگەیاند، هەر بەپێی دوایین رووپێوییان لە ساڵی 2018 رێژەی هەژارییان دەرهێناوە بە ستانداردی بانکی نێودەوڵەتی کە لە 5.45% بووە، ئەوەش بە هەمان شێوە لە کۆی ژمارەی دانیشتووان، واتە لە شەش ملیۆن و 33 هەزار کەس.
دوایین رووپێویی دەستەی ئامار ساڵی 2018 کراوە کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە شەش ملیۆن و 33 هەزار کەس دیاریکراوە.