برادۆست ئازیزی
رووداو-هه‌ولێر
له هۆتێلی چوارچرای شاری هه‌ولێر 45 رێكخراوی لاوانی چوار پارچه‌ی كوردستان كۆبونه‌وه، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر كۆنگره‌ی سێهه‌می لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، كه به‌یانی له شاری رۆمێلانی رۆژئاوای كوردستان له لایه‌ن لاوانی حیزبی یه‌كێتی دیموكراتیك (په یه ده) و به به‌شداری لاوانی یه‌كێتی نشتیمانی كوردستان و گۆڕان سازده‌كرێت.
په یه ده دەیه‌وێت تاك لایه‌نانه بڕیار له‌سه‌ر سازكردنی ئه‌م كۆنگره‌یه بدات
رێکخراوە بەشداربووەکانی دیکەی لاوان، کە ئامادەی كۆبونه‌وه‌كه بوون وێرای بایكۆتكردنی ئه‌و كۆنگره‌یەی، كه له رۆژئاوای كوردستان ده‌به‌سترێت، بڕیاریان دا كۆنگره‌ی سێهه‌می لاوانی چوار پارچه‌ی كوردستان له مانگی داهاتوو له كامپی دۆمیزی ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان، كه ده‌كه‌وێته پارێزگای دهۆك سازبكرێت.
له كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، 10 لە نوێنه‌رانی 45 رێكخراوه‌كه هۆكاری بایكۆتكردنی كۆنگره‌كه‌ی شاری رۆمێلانیان ئاشكرا كرد، كه به گوته‌ی خۆیان بۆ ئه‌وه ده‌گەڕێته‌وه "PYD دیه‌وێت ئه‌و كۆنگره‌یە له به‌رژه‌وه‌ندی ئایدیۆلۆژی به‌كار بهێنێت و بڕیاری تاك لایه‌نه بدات".
گۆڕان و یه‌كێتیی به په‌رۆشه‌وه به‌شداری كۆنگره‌ی لاوان له شاری رۆمێلان ده‌كه‌ن
كۆنگره‌ی پێشووتری لاوان له شاری ئامه‌دی باكووری كوردستان به‌سترا و تێیدا بڕیار درا، كه كۆنگره‌ی سێهه‌م له رۆژئاوای كوردستان ببه‌سترێت.
لەلای خۆیەوە شێرزاد مامه، رێكخه‌ری رێكخراوه‌كانی باشووری كوردستان بە (رووداو)ی راگه‌یاند " هێشتا رۆژئاوای كوردستان رزگار نه‌كراوه و بارودۆخی ئه‌منی نالەباره، بۆیه ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراوه‌كانی باشوور, باكوور و رۆژئاوای كوردستان بڕیاریان داوه نه‌چنه ژێر باڵی ئه‌و بڕیاره‌ی، كه په یه ده تاك لایانانه له‌باره‌ی سازكردنی كۆنگره‌كه له رۆژئاوای كوردستان داویەتی".
لە بەرامبەردا زه‌رده‌شت سپیتاما، نوێنه‌ری لاوانی حیزبی یه‌كێتی دیموكراتی PYD ره‌تیكرده‌وه بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان نالەبار بێت و بۆ (رووداو)ی ئاشكرایكرد "ئێمه ده‌توانین ئه‌منییه‌تی به‌شداربووانی كۆنگره‌ی لاوان له رۆژئاوای كوردستان بپارێزین و ئێستا لاوانی گۆڕان و یه‌كێتیی نشتیمانی كوردستان بڕیاری به‌شداریكردنیان داوه"."
ناوبراو له رێگای ته‌له‌فۆن بە (رووداو)ی گوت "مخابن پێشمه‌رگه رێگا به‌و رێكخراوانه نادات، كه بڕیاری به‌شداریكردنیان داوه له كۆنگره‌ی سێهه‌می لاوانی چوار پارچه‌ی كوردستان، كه بڕیاره به‌یانی له شاری رۆمێلانی رۆژئاوای كوردستان ببه‌سترێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، كه ئێمه پابه‌ندی هه‌ڵوێستی رێكخراوه‌كانی نزیك له پارتی نه‌بووین".
با حیزبه سیاسییه‌كان واز له لاوانی كورد بهێنن
ئاوات قوڕه‌یشی، نوێنه‌ری 6 رێكخراوی رۆژهەڵاتی كوردستان، كه به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی هۆتێلی چوار چرا كردبوو بۆ (رووداو) باسی له هۆكاری دروستبوونی كێشه له‌سه‌ر كۆنگره‌ی سێهه‌می لاوان كرد و گوتی :"باردۆخی ئه‌منی بۆ ئێمه زۆر هه‌ستیاره و ده‌ستی رژێمی ئیسلامی ئێران له سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش دیاره ، هه‌روه‌ها PYD دەیه‌وێت تاك لایه‌نانه بڕیار له‌سه‌ر سازكردنی ئه‌م كۆنگره‌یه بدات، كه پێویسته لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بەشداری تێدا بکەن.جێگای داخه كه ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی لە کارەکەدا ده‌كرێت".
به گوته‌ی هاوسه‌رۆكی PYD، حیزبه‌كه‌ی له رووی ئایدیۆلۆژییه‌وه نزیكه له پارتی كرێكارانی كوردستانی، بۆیه رێكخراوه‌كانی لاوانی سه‌ر به‌و حیزبه له باكووری كوردستان له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتیی نشتیمانی كوردستان به په‌رۆشه‌وه به‌شداری كۆنگره‌ی لاوان له شاری رۆمێلان ده‌كه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه، زه‌رده‌شت سپیتاما بۆ رووداو ده‌ڵێت " ئه‌گه‌ر 45 رێكخراو كۆنگره‌كه‌ی رۆمێلانیان بایكۆت كردووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له رێكخراوه‌كانی باكوور و باشوور له‌م كۆنگره‌یه‌دا ئاماده ده‌بن".
ئێمه پابه‌ندی هه‌ڵوێستی رێكخراوه‌كانی نزیك له پارتی نه‌بووین
كاوە محمه‌د ئه‌مین، كه له كۆبونه‌وه‌كه‌ی هۆتێلی چوار چرا، نوێنه‌رایه‌تی لاوانی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (ئه‌لپارتی)ی ده‌كرد، نیگه‌رانی خۆی پیشانده‌دات له‌وه‌ی له دوو شوێن كۆنگره‌ی لاوان سازده‌كرێت و ده‌ڵێت " ئه‌وە ویستی دوژمنانی كورده، كه هه‌میشه كورد له هه‌موو بواره‌كان رێك نه‌كه‌وێت" و گوتی "هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه، كه زۆربه‌ی رێكخراوه‌كانی لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بڕیاریان داوه له رۆژئاوای كوردستان كۆنگره‌كه نه‌كرێت، کەچی په یه ده به ته‌نیا بڕیار بدات له رۆژئاوای كوردستان بكرێت".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر كۆنگره‌ی لاوان، رۆژنامه‌نووس و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی گه‌نجانی شۆڕش، كه رێكخراوێكی رۆژئاوای كوردستانه بۆ (رووداو) باس له هه‌بوونی ده‌ست تێوه‌ردانی ئایدیۆلۆژی و حیزبی ده‌كات و ده‌ڵێت "با حیزبه سیاسییه‌كان واز له لاوانی كورد بهێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ناتوانن به‌یه‌كه‌وه دانیشن، ئه‌وا لاوانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ئه‌و توانا‌یەیان هه‌یه یه‌كێتییه‌كی كوردستانی پێك بێنن و له‌سه‌ر زۆر پرس هاوڕا بن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ