رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى باڵى گردەکەى بزووتنەوەى گۆڕان سکاڵا لە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار دەکات بۆ راگرتنى بڕیارێکى پێشووى کۆمیسیۆن، لەگەڵ کاراکردنى بڕیارێکى دادگە لە دژى دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان.
سکاڵاکە لەلایەن هۆشیار عومەر عەلى، بەرپرسى ژوورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى بزووتنەوەى گۆڕان تۆمار کراوە، سکاڵالێکراوان سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کورستانن.
لەو سکاڵایەدا داواکراوە بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران هەڵبوشێندرێتەوە، کە لە 11ى ئەیلوولى 2024 دەریکردووە، بۆئەوەى دەرفەتى 6 مانگ کارکردن بداتە سەرکردەکانى بزووتنەوەى گۆران بۆ بەردەوام بوون لە کارکردن.
ئەو بڕیارە بەر لە ھەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بوو لە 20ى تشرینى یەکەم، تاوەکو دواتر ئەو بزووتنەوەیە کۆنگرەى خۆى بکات.
19ى ئەیلوولی 2024 لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی؛ عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد، سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، دوای ئەوەی کۆمیسیۆن بەستنی کۆنگرەی کردە مەرج بۆ بەشداریکردنی بزووتنەوەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
عمیاد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە شێوەیەکى فەرمى ئاگادارنامەیان لەبارەى ئەو سکاڵایەوە پێنەگەیشتووە، ئەو بڕیارەى کۆمیسیۆنیش پێشتر درابوو، دەبوو لەکاتى خۆیدا تانەى لێ بدرێت، ئەو 6 مانگ دەرفەتەش بۆ کۆنگرەى بزووتنەوەى گۆڕان لە 11ى ئادارى 2025 تەواو دەبێت.
یەکێک لە داواکارییەکانى دیکەى سکاڵاکە، هەڵوەشاندنەوەى بڕیارێکى دادگەى تاوانەکانى سلێمانى بووە لە 24ى تەممووزى 2024 بۆ راگرتنى بڕیارێکى پێشووى دادگە لە دژى دانا ئەحمەد مەجید،رێکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان.
ئەو بڕیارەى دادگە پەیوەندى بە دۆسیەیەکەوە هەبووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەى داناى ئەحمەد مەجید پارێزگارى سلێمانى بووە.
رووداو پەیوەندیى بە بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمیسیۆنەوە کرد، هەردوولا ئاماژەیان بەوە دا، لە سکاڵاکە ئاگادار نەکراونەتەوە.
هۆشیار عومەر عەلى لە سکاڵاکەدا داوای لە دادگەى فیدڕاڵى کردووە، فەرمانسالارییەک دەربکرێت بۆئەوەى سەرجەم رێکارەکانى فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان رابگرێت، کە لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى سەرکردایەتیى ئێستاى بزووتنەوەکە گرتوونیەتەبەر.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژى 26ى ئادارى 2025ى دیاری کردووە بۆ تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایە، کە بەبێ دادبینى دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ