رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی دوو مووچەی ساڵی رابردووی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە دەبێتە یەکەم مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی پێشوو وەکو گرێبەست لە خوێندنی باڵا و سبەی دابەش دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی، بودجەی پێویست بۆ وانەبێژانی خوێندنی باڵا کە لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە، مانگانە نزیکەی دوو ملیار دیناری پێویستە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی وردبینی و ژمێریاری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و گەیشتنی لیستەکانیان بۆ گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی، مامۆستایانی گرێبەست سبەی چوارشەممە مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵی رابردوو وەردەگرن.
وەزارەتەکە دەڵێت: "خەرجکردنی مووچە بەگوێرەی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و مامۆستایان بەپێی رێککەوتی دەستبەکاربوونیان دابەش دەکرێت".
07-10-2024، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ