ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە: هەڵگرتنی سزای تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی راست نییە

25-02-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن فڕۆکەخانەی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە، تورکیا سزاکانی سەر فڕۆکەخانی سلێمانی هەڵگرتبێت و دەڵێت، "ئەو قسەیەم نەکردووە."
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵەی لەسەر زاری من بڵاوکراوەتەوە، گوایە تورکیا سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیی هەڵگرتووە، دوورە لە راستی و قسەی لەم شێوەیەم نەکردووە."
 
کاروان یاروەیس، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە دەڵێت، 15 رۆژ لەمەوبەر باڵیۆزی تورکیایان بینیوە، کاتێک کە سەردانێکی مەیدانیان بۆ بەندەری فاو لە بەسرە کردووە، هیچ بابەتێکی لەم شێوەیە (لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی) نەبووە و "ئەو قسانە دوورن لە راستی و  لەو بارەوەش لێدوانم بۆ هیچ شوێنێک نەداوە."
 
ئەوە لەکاتێکدا رۆژنامەی سەباح ـی نیمچە فەرمیی عێراق لەسەر زاری کاروان یاروەیس لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا بڵاویکردەوە، "لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، سەرکەوتوو بوو لە هەڵگرتنی سزاکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و بەم نزیکانە گەشتی ئاسمانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە."
 
لە رۆژی  3ـی نیسانی 2023ـوە بە بڕیارێکی حکومەتی تورکیا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا راگیراون؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. هۆکاری راگرتنەکەش وەک تورکیا دەڵێت چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و "ئەو رێکخراوە دزەیکردووەتە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان."
 
رۆژی شەممە، 23-12-2023، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردەوە.
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەر.

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو

لە ئامێدی 40 دۆنم زەوی و باخی هاونیشتمانییان بەهۆی شەڕەوە سووتان

لەسەر رێگەی ئامێدی- دێرەلۆک 40 دۆنم زەوی کە بەشێکیان رەز و باخی هاونیشتمانییان بوون لە یەک رۆژدا سووتان. ئەوەش بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا.