لەگەڵ رەنج؛ لە بازگەکان رێگری لە گواستنەوەی كاڵا لە نێوان هەولێر و سلێمانی دەکرێت ‏

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی زیاتر لە 15 رۆژە لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی رێگە لە چوونە ناوەوەی کاڵای بازرگان و کاسبکاران دەگرن و پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵیت، بازرگانێک بۆ ئەوەی بتوانێت کاڵاکانی بپەڕێنێتەوە، "دەبێ بڕە پارەیەک بدات، ئەو پارەیە ناچێتە خەزێنەی گشتیی وەزارەتی داراییەوە و وەکو سەرانە لە کاسبکار وەردەگیرێت".
 
هاوکات، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێ ئاگایی خۆی لەو دیاردەیە پێشاندەدات، بەڵام باس لەوە دەکات کە بازرگانان سکاڵایان لای وەزارەتەکەی کردووە بەوەی لە بازگەکان رێگە بە بردنی کاڵاکانیان نادرێت و دەشڵیت: "ئەم گرفتە دەبەمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی‏ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏‏‏كوردستان؛ ئارام بابان، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی لە ژووری ‏بازرگانی ‌و ‏‏پیشەسازیی ‏سلێمانی؛ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی ‏كوردستان؛ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ژووری بازرگانی و ‏پیشەسازیی هەولێر؛ باوەڕ جەمال، راوێژكاری بازرگانی و كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، كێشەی گواستنەوەی كاڵا لە بازگەكان و باج و رسوماتی ‏دەروازەكانیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
 
لە بازگەکان رێگری لە کاڵای بازرگانان دەکرێت
 
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بێئاگایی خۆی بەرامبەر دیاردەی وەرگرتنی پارە لە بازرگانان دەردەبڕێت بۆ رێگەدان بە هاتنە ناوەوەی کاڵاکانیان بۆ هەولێر و سلێمانی و رایدەگەیەنێت، "ئەو بازگانەی کە دەگوترێ پارە وەردەگرن، هیچ زانیارییەکم لەبارەیانەوە نییە و تەنانەت سەر بە وەزارەتی ئێمەوە نین، بەڵام ئەو سکاڵایانەمان هاتووەتە لا کە ئەو کاڵایانەی لە سلێمانی بەرهەمدێن، بە ئاسانی ناتوانن بیگەیەننە هەولێر و بەپێچەوانەشەوە بەرهەمی هەولێر بە ئاسانی ناگەیەندرێتە سلێمانی".
 
کەمال موسلیم پێیوایە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ یەک حکومەت بێت و ئەو کێشە و گرفتانە هەر هیچ نەبێت لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان نەهێڵیت" و دەشڵێت؛ "ئێمە گلەیی لە بەغدا دەکەین کە بازگە لە سنووری نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنێت، ئەی چۆن دەبێت لای خۆشمان ئەو بازگانە دابنرێن".
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی باس لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ بازرگانان دەکات و دەڵێت، "گلەیی ئەوەیان دەکرد کە لە بازگەکانی هەولێر و سلێمانی رێگری لە چوونە ناوەوەی کاڵاکانیان دەکرێت"، دووپات لەوەش دەکاتەوە کە "ئەوان باسیان نەکردووە لەم بازگانە پارەیان لێ وەردەگیرێت".

 

 
چارەسەری کێشەکە "لە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە"
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی گرفتی رێگریکردن لە بازرگانان لە نێوان هەولێر و سلێمانی لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەت دەزانێت و دەڵیت؛ "دەبێ پارتی و یەکێتی چارەسەری بکەن".
 
کەمال موسلیم پێیوایە ئەو رێگریکردنەی لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی هەیە، کاریگەری لەسەر بەبازاڕکردنی بەرهەم و کاڵاکان دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی جموجووڵی بازرگانی، وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ "بێ متمانەییەک دروست دەکات کە خەڵک چیتر بەدوای بازرگانی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەگەڕێت و بیر لە بازاڕێکی دیکە بکاتەوە".
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی نەهێشتنی ئەو رێگرییانە گوتی: "ئەو گرفتە دەگەیێنینە ئەنجوومەنی وەزیران و مەترسییەکانیشیان بۆ دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی زیاتر هەیە لە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دەبێ پارتی و یەکێتی چارەسەری بکەن".
 
 
هاوکات، کەمال موسلیم ئاماژەی بەوەدا کە لە نێوان سنووری یەکێتی و پارتیدا هەندێک جار دان بە باج و رسووماتی گومرگی یەکتردا نانێن و رایدەگەیەنێت: "چەندین جاریش لە ئەنجوومەنی وەزیران باسکراوە کە لە دەروازە سنوورییەکان کێشە دروستدەکرێت، ئێستا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دراوە و رەزامەندیمان وەرگرتووە نووسینگەکانی وەزارەتی بازرگانی لە هەموو دەروازە سنوورییەکان دابنێین بۆ چاودێری و چارەسەرکردنی کێشەی هاوردە و هەناردەکردن".
 
ئەوەی لە بازگەکان وەردەگیرێت "سەرانەیە"
 
پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی بۆ کێشەی بازرگان و کاسبکاران لە بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی کردووە و دەڵێت "ئەو پارەیەی بۆ رێگەدان بە تێپەڕینی کەلوپەلەکان وەردەگیرێت ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە و بە سەرانە لە کاسبکاران وەردەگیرێت."
 
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی ‏كوردستان شەوی رابردوو میوانی بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداوبوو لەبارەی کێشەی بازرگانان لە بازگەکان و باس لەوە دەکات کە دوای بەشداریکردنی لە بەرنامەکە، لە سلێمانییەوە پەیوەندییان پێوەکردووە و بەڵێنیان داوە چیتر پارەی کەلوپەلەکانی مۆبایل و چەند بابەتێکی دیکە وەرناگیرێت و دەشڵێت: "نەک ئەو کێشەیان چارەسەر نەکرد، بگرە خراپتریش بووە".
 
بە گوتەی عەلی حەمە ساڵح، "ئەو پارەیەی لە بازگەکان لە خەڵکی کاسبکار وەردەگیرێت ناچێتە خەزێنەی گشتییەوە و تەنیا سەرانەیە وەردەگیرێت، سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان لە بازگەکان پارەیان لە خەڵک وەردەگرت، بە وەسڵی ژمارە 37 وەریاندەگرت و دواجار پارەکە کۆدەکرایەوە و مووچەی پێ دەدرا".
 
"بۆ دەربازکردنی کاڵا لە بازگەکان بەبێ پسوولە پارە وەردەگیرێت"
 
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان باس لە جۆرەکانی پارەدان بۆ دەربازکردنی کاڵایەک لە بازگەکان دەکات و دەڵیت: "رێگەیەکیان لە بازاڕی دۆلارەکەیە کە لەوێ پارە دەدەیت و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەت وەردەگیرێت و دەیدەن بە بازگەکان و دەتوانی کاڵاکەت بپەڕێنییەوە".
 
بە گوتەی عەلی حەمە ساڵح؛ "ئەگەر بتەوێ تەنکەرێک سووتەمەنی لە سلێمانییەوە بهێنیتە هەولێر ، دوو کەس بە ناوەکانی فاخر و هەڵکەوت لە بازاڕەکە هەن و ئەوان بۆ هەر بارهەڵگرێک 350 بۆ 360 دۆلار وەردەگرن بەبێ پسوولە و ژمارەی مۆبایلەکەت وەردەگرن و دەیدەن بە بازگەکانی سنووری پارتی بۆ ئەوەی رێگە بدەن بچیتە نێو هەولێر".
 
عەلی حەمە ساڵح دووپاتیدەکاتەوە؛ "95٪ـی ئەو جگەرەیەی هاوردە دەکرێت، بە قاچاخ دێتە هەرێمی کوردستانەوە، لە بازاڕەکان نووسینگەی قاچاخچێتی هەیە، بازرگان لەبری 20 هەزار دۆلار گومرگ، دەچێتە ئەو نووسینگەیە کە لە هەموو بازگەکان نوێنەریان هەیە و ناویان ناوە تەنسیق، بە پارەیەکی کەمتر جگەرەکەی بۆ تێدەپەڕێنن".
 
 
کەرتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان "پاشەکشێی کردووە"
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی هەرێمی ‏‏‏كوردستان پێیوایە؛ "بەهۆی ململانێی حیزبییەوە هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2011 ببوو بە ناوەندێکی بازرگانی بۆ هەموو عێراق، ئێستا بەرەو پاشەکشێ رۆیشتووە".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵیت؛ "زۆرێک لە ئەندامانی یەکێتییەکەمان دێن بۆ لامان و سکاڵا دەکەن کە لە بازگەکان رێگە نادرێت کاڵاکانیان تێپەڕێت، ئێستا بەدواداچوونمان بۆ کێشەکە کردووە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردووەتەوە".
 
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی هەرێمی ‏‏‏كوردستان گوتی؛ "بازرگان دێتە لامان دەڵێت ئەو کاڵایانەی هاوردەم کردووە بە شێوەی یاسایی گومرگم کردوون، بەڵام لە بازگەکان ناهێڵن تێپەڕێت و دەبێ جارێکی دیکە پارە بدەین".
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دروستبوونی ئەو گرفتە بۆ ململانێی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت؛ "کاتێک قسە لەگەڵ لایەنێکیان دەکەین و دەڵێین بۆچی رێگە نادەن کاڵا لە بازگەکانتان تێپەڕێت، دەڵێن لەبەر ئەوەی ئەوانیش رێگە نادەن و خەتاکە دەخەنە ئەستۆی یەکتر، بۆیە ئێمە نازانین لەگەڵ کێ قسە بکەین، تەنانەت لایەنێکی پەیوەندیدار لە حکومەت نییە خۆ لەو کێشەیە بکاتە خاوەن".
 
 
بۆ تێپەڕبوونی تانکەرێک سووتەمەنی "لە بازگەکان 350 دۆلار وەردەگیرێت"
 
ئارام بابان، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی لە ژووری ‏بازرگانی ‌و ‏‏پیشەسازیی ‏سلێمانیش باس لەوە دەکات کە بازرگانان سکاڵایان کردووە؛ "کاتێک کاڵا دەبەن بۆ هەولێر لە بازگە پارەیان لێ وەردەگیرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا کەس نەهاتووە سکاڵا بکات و بڵێ لە بازگەی سلێمانی پارەم لێ وەرگیراوە"، بەڵام لە بەرامبەردا عەلی حەمە ساڵح گوتی؛ "لە بازگەکانی سلێمانیش پارە لە کاسبکار و بازرگانان وەردەگیرێت بۆ داخڵکردنی کاڵاکانیان".
 
بە گوتەی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی لە ژووری ‏بازرگانی ‌و ‏‏پیشەسازیی ‏سلێمانی؛ "هەر تەنکەرێک لە بازگەکانەوە بڕوات 350 دۆلاری لێ وەردەگیرێت، بۆ یەک سەر مەڕ 50 دۆلار و بۆ مانگایەک 80 دۆلار وەردەگیرێت، تەنانەت بازگەکان پارە بۆ هێنانی یەک باڵندەش وەردەگرن".
 
"حکومەت لیژنەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دروستکردووە"
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ژووری بازرگانی و ‏پیشەسازیی هەولێر پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە بازگەکان کێشە بۆ بازرگانان دروستبووە و دەڵێت؛ "بازرگانان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئاگاداریان کردووینەتەوە لە هەندێک لە بازگەکان رێگری لە بردنی کۆمەڵێک کەلوپەل دەکرێت. بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە کرد و لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی هاوئاهەنگیمان دروستکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".
 
گەیلان حاجی سەعید گوتی؛ "لە یەکەم رۆژی سەرهەڵدانی کێشەکە نووسراوێکمان لە رێگەی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگای هەولێر و دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، راستەوخۆ نووسراویشمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئابووری کردووە لەسەر ئەو گرفتە".
 
سەرۆكی ژووری بازرگانی و ‏پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند؛ "ئەنجوومەنی وەزیران بە ئێمەیان راگەیاند کە کاریان لەسەر ئەو کێشەیە کردووە و لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام ئێمە پێشنیازمان کردووە بە زووترین کات رێگەکان بکرێنەوە و دواتر لیژنەکە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات".

 

 
"ئەو پارە وەرگرتنە تەنیا زیان بە هاووڵاتی دەگەیەنێت"
 
راوێژکارێکی بازرگانی دەڵێت ئەو پارەیەی لە بازگەکان لە بازرگان وەردەگیرێت کاریگەریی لەسەر بازرگانەکە نابێت، لەبەر ئەوەی نرخی کەلوپەلەکانی بەرزدەکاتەوە و تەنیا لایەنێک کە لێی زەرەرمەند دەبێت هاووڵاتییە.
 
باوەڕ جەمال، راوێژكاری بازرگانی پێیوایە؛ "ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، دوو ئیدارەیی بەجێهێشتووە و چووەتە قۆناخی بێ ئیدارەیی، من بەدواداچوونم بۆ تێپەڕاندنی کاڵا لە بازگەکان کردووە، ئەوەندە بە دامەزراوەیی دەیکەن، یەک بەڵگە نادەن بەدەستەوە، تەنانەت بازرگانانیش بۆ ئەوەی تووشی گرفت نەبن ناوێرن راستی بابەتەکەمان بۆ باسبکەن".
 
بە گوتەی باوەڕ جەمال؛ "بازرگان دەڵێت من ئامادەم پارە زیادەکە بدەم و خۆم تووشی سەرئێشە نەکەم، لە کۆتاییدا لەسەر کڕیار دەکەوێت و نرخی کاڵاکانم گران دەکەم. بازرگانەکان جۆرێک رێککەوتنیان هەیە و هیچ ئامادە نین بەشداری لە ناڕەزایەتی دەربڕینلەو دۆخە بکەن، لەبەر ئەوەی ئازارەکە بە خۆیان ناگات".
 

 

.