لە دهۆک بەهۆی 'زۆریی باجەوە' بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل 70٪ دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە دهۆک بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. خاوەن پێشانگەکان گلەیی لە زۆریی باج دەکەن و بەشێکیان بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە بیر لە فرۆشتنی پێشانگەکانیان دەکەنەوە. 
 
پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە دهۆک چۆڵن، ئۆتۆمبێلەکان ریزکراون و کەس پرسیاری نرخیان لێناکات. 
 
خراپیی دۆخی بازاڕ گەیشتووەتە ئاستێک، خاوەن پێشانگەیەک دەڵێت، لە ماوەی 15 رۆژدا تەنیا شەش گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا لە هەمان کاتی پاردا 70 گرێبەستی تۆمارکردبوو. 
 
حوسێن ئەحمەد، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە دهۆک و دەڵێت، "خەرجیی کارمەندەکانمان دەرناچێت، ئەی گرێبەستنووس، چایەچی، تەنانەت خەرجیی ئەوانیش دەرناچێ. ئەوەتا مانگی سێش هات و دەبێت کرێی شوێنەکەش بدەم. ئەگەر پارەم نەبێت، چۆن کرێکە بدەم؟ دەبێت لە گیرفانی خۆمان پارەکە بدەن. لە 16ـی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا شەش گرێبەستمان کردووە." 
 
ئێستا بۆ ئەوانەی لە پێشانگەکان کاردەکەن، بژێوی ژیانیان بە قورسی دەستدەخەن؛ مێڤان چایەچییە و باوکی شەش منداڵە. بژێوی ژیانی لەسەر گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە. ئەو دەڵێت: "پێشتر مانگانە تا 600 هەزار دینار داهاتم هەبوو. هەندێ جار دەگەیشتە 700 هەزار دینار، بەڵام ئێستا ناگاتە 200 هەزار دینار. داهاتمان بە گرێبەستی ئۆتۆمبێلەوە بەستراوەتەوە. هەر کاتێک ئۆتۆمبێلێک تۆمارکرا، پارەم دەستدەکەوێت، ئەگەریش هیچ ئۆتۆمبێلێک تۆمار نەکرا، ئەوا پارەم پێنامێنێت. ئێستاش رۆژانە یەک دوو ئۆتۆمبێل تۆماردەکرێن، رۆژی واش هەیە هەر هیچ تۆمارناکرێن." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەس لە دهۆک کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن. سستیی بازاڕ وایکردووە، خاوەن پێشانگەکان شوێنەکانیان بفرۆشن، بەڵام پۆستەریان هەڵنەواسیوە بۆ ئەوەی نرخی پێشانگەکان دانەبەزێت. 
 
عەبدی مستەفا، سەرۆکێ سەندیکای پێشانگەکان دەڵێت، "نزیکەی نۆ پێشانگە خەریکە دەفرۆشرێن. گوتوویانە پۆستەر هەڵدەواسن، بەڵام ئێمە پێمانگوتوون ئەو کارە مەکەن. هۆکاری ئەوەی کە خاوەن پێشانگەکان بیر لە فرۆشتنی شوێنەکانیان دەکەنەوە، ئەوەیە کە باج زۆرە، پێشانگەی وا هەیە ساڵانە 59 ملیۆن دینار باج دەدات، لەنێویدا کرێی شارەوانی و خانوبەرە." 
 
لە دهۆک 142 پێشانگە هەن، تۆمارکردنی گرێبەستی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کڕین و فرۆشتن شتێکی جیان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە کارەکەیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو 70٪ دابەزیوە.