كۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی: ئیزۆبیل یەنگ براوەی ئەمساڵی خەڵاتی شیفا گەردییە


رووداو دیجیتاڵ

بەداخەوە جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، ئەم ناسەقامگیرییەش کاری رۆژنامەڤانانی مەترسیدارتر و سەختتر کردووە. لەبەرئەوەش کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی و تۆڕی میدیایی رووداو نەیانتوانی ئەمساڵ رێوڕەسمی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی ساز بکات بەهۆی سەرقاڵیی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی شیفا گەردی بە کارکردن لەسەر مەینەتییەکانی خەڵکی ناوچەکانی شەڕ و ئێستا لە کاردایە لە ناوچەیەکی مەترسیدار دا. 
 
کاری رۆژنامەڤانان لە ساڵی رابردوودا لە رووماڵکردنی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، لە لێکۆڵینەوە و بەدیارخستنی مەینەتییەکانی خەڵک لەکاتی شەڕدا، هەروەها لە بەدواداچوونی کاری گرووپە تاوانکار و گەندەڵەکان دا زۆر خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهان دا. لەبەرئەوەش ساڵی رابردوو زۆر خوێناویتربوو بۆ رۆژنامەڤانان. بەپێی رێکخراوی پەروەردە و رۆشنبیری و زانستیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان UNECO؛ لە ساڵی رابردوودا 86 رۆژنامەڤان لە جیهان دا کوژروان، بەپێی هەردوو رێکخراوی لیژنەی بەرگری لە رۆژنامەڤانان CPJ و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان IFJ؛ ساڵی رابردوو 67 رۆژنامەڤان لە جیهان دا کوژراون. ئەم دوو ئامارەش زۆرترن لە چەند ساڵی پێشتر. 
 
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی لە لێکۆڵینەوەیدا لە کاری رۆژنامەڤانانیی ژن لە جیهان دا کار و ناوی چەندین رۆژنامەڤانی ژنی لەبەردەست بوو، کە بەوپەڕی لێزانییەوە بەرهەمی زۆرباشیان بۆ روونکردنەوەی راستییەکان و ئاشکراکردنی زانیارییە شاراوەکان گەیاندوون. کۆمیتەکەمان ئەمساڵ رۆژنامەڤانێکی گەنجی ژنی هەڵبژارد کە کاری بنکۆڵکاریی زۆر سەختی کردووە بۆ ئاشکراکردنی مەینەتییەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق، یەمەن و ئەفغانستان و شوێنەکانی دیکە لەکاتی جەنگ دا و، بەرهەمی نێوەڕۆک باش و پڕ زانیاری لە ناوچەی زۆر مەترسیداردا بەرهەمهێناون. ئەو رۆژنامەڤانەش ئیزۆبێل یەنگە لە ڤایس نیوز. 
 
پیرۆزبایی لە ئیزۆبێل یەنگ دەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ خۆی و هەموو رۆژنامەڤانان دەخوازین لە جیهان دا. 
 
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی 
25ـی فێبریوەری 2023