سەندیکای رۆژنامەنووسان: لە هەرێمی کوردستانیش ئازادی رۆژنامەنووسی باش نییە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئازادیی رادەربڕین "رازی نین." دەشڵێت: چەندە رکابەریی سیاسییەکان زیاد بکەن، ئازادیی رۆژنامەنووسی زیاتر پێشێل دەکرێت.
رۆژی شەممە 25ـی شوباتی 2023، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە عێراق پێشێلکاریی دژی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان زیاترە. گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستانیش ئازادی رۆژنامەنووسی باش نییە، لەبەرئەوەی راپۆرتی شەش مانگی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کۆمەڵێک داتا و جۆرەکانی پێشێلکاریی تێدایە، بەڵام جیاوازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە."
سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتیشی: "رکابەرییە سیاسییەکان چەندە زیاد بکەن، ئەوەندە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی پێشێل دەکرێت، چونکە بووەتە بەشێک لە ئەجێندای سیاسیی و نەبووەتە بەشێک لە کاری پرۆفیشناڵی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری دروست بە خەڵک".
هەندرێن ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە عێراق ئازادیی رۆژنامەنووسی و شێوەی کارکردنەکەی کێشەی تێدایە و هەرکەس "دژی" تێڕوانینی و شێوازی کاری ئەم دەسەڵاتە بێت دەکەوێتە مەترسییەوە. گوتیشی: "زۆر جار دەبینین رۆژنامەنووسانی عێراقی لە دەرەوەی عێراق کاردەکەن و ناتوانن لە ناوخۆدا کاربکەن؛ ئەمەش مانای ئەوەنییە کە لە هەرێمی کوردستان ژینگەکە بە تەواویی لەبارە، لێرە رۆژنامەنووسان رووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، بەڵام شێوازەکەی جیاوازە، چونکە لێرە یاسایەکمان هەیە هەرچەند هەندێک جار یاساکەش پێشێل دەکرێت".
سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی سەلامەتی رۆژنامەڤانانەوە رەخنەی لە دەزگاکانی راگەیاندن گرت و گوتی: لە رووی سەلامەتیی پیشەییەوە؛ دەکرێت بڵێین ئەو دەزگا گەورانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەداخەوە تائێستا رێنوێنییە پێویستییەکانیان جێبەجێ نەکردووە بۆ سەلامەتی پەیامنێران و وێنەگرانیان، لەبەر ئەوەیە دەبینین زۆر جار پەیامنێرێک دەبێتە قوربانی هەڵەیەکی میدیایی.
سەندیکای رۆژنامەنووسان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "نابێت پەیامنێر داتا و زانیاریی کاتی رووداوەکان بگوازێتەوە، چونکە دەبێتە نیشان (دەکەوێتە نێو سێڵەوە)، بینیومانە لەسەر ئەو بنەمایە رۆژنامەنووس بریندار بووە. پێویستە دەزگاکان رێنوێنی بدەن و کەلوپەلی پاراستن بۆ میدیاکاران دابینبکەن. لە عێراق جیاوازە؛ لەوێ لە خودی ئازادیی رادەربڕیندا کە هەموو هاووڵاتییەکی عیراق دەگرێتەوە کێشە هەیە."
هەندرێن ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسیدا کاردەکەین بۆ ئەوەی گوشار دروست بکەین کە ئازادی رۆژنامەنووسی رێچکەی خۆی بگرێت، ئێمە لە ئازادی رادەربڕین و جۆری کاری رۆژنامەنووسی رازی نین. "لەگەڵ وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ بەردەوام لە گفتوگۆداین بۆ باشترکردنی ئازادی رادەربڕین."