مانگی داهاتوو سۆسیالیست کۆنگرە دەبەستێت

25-02-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سۆسیالیست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند سەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو حیزبەکە لەهەولێر کۆنگرەی حەوتەمی بەبەشداریی نزیکەی هەزار ئەندام دەبەستێت، دەشڵێت: "چەند کەسێک خۆیان بۆ پۆستی سکرتێری حیزب بەربژێر کردووە".
 
بەختیار کەریم، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە رۆژانی 5 و 6ی ئاداری 2022، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی حەوتەمی خۆی لەشاری هەولێر بەئامادەبوونی نزیکەی 900 بۆ 1000 ئەندام ببەستێت".
 
بە گوتەی بەختیار کەریم، لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە هەموو رێوشوێن و ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرەیان تەواوکردووە و چاوەڕوانی رۆژی کۆنگرەن.
 
سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی ئەگەریان هەیە لە کۆنگرەدا بکرێن، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، گوتی: "کۆنگرەی حەوتەمی حیزب بۆ پێداچوونەوەیە بە پەیڕەو و پڕۆژە و کارەکانی لە ماوەی نێوان کۆنگرەی رابردوو تاوەکو ئەم کۆنگرەیە، ئێمە پڕۆژەی خۆڕێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکانمان خستووەتە بەردەم مەکتەبی سیاسی و بڕیاری لەسەردراوە و چاوەڕوانین کۆنگرە و ئەندامانی کۆنگرە بڕیاری لەسەر بدەن".
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی جێبەجێکردن، بەرپرسی مەڵبەند و مەکتەبەکان راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
 
سەبارەت بە بەربژێرانیش بۆ پۆستی سکرتێری حیزب، بەختیار کەریم ئاشکرای کرد ژمارەیەک کەس خۆیان بۆ پۆستی سکرتێری حیزب هەڵبژاردووە و گوتی: "کاک محەممەدی حاجی مەحموودیش دەتوانێت خۆی بۆ پۆستەکە بەربژێربکاتەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب سکرتێری حیزب دەتوانێت بۆ چەند خولێک خۆی هەڵبژێرێت و دیارینەکراوە ئەو خولانە چەندن، بۆیە بەئاسایی دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند کەسانێک فۆرمیان بۆ پۆستی سکرتێری حیزب پڕکردووەتەوە".
 
حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی 1976 یەکەمجار بە ناوی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان، دامەزراوە، لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا خۆی وەکو حیزبێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسێنێت، حیزبەکە تاوەکو ئێستا شەش کۆنگرەی بەستووە، ئەوانیش: 
 
- کۆنگرەی یەکەم،  لە 12-5-1981 لەدۆڵه‌توو.
- کۆنگرەی دووەم، 15 تاوەکو 19ی تشرینی دووەمی 1994 لە ھەولێر.
- کۆنگرەی سێیەم، لە 27 تاوەکو 30ی تشرینی دووەمی 1999 لە سلێمانی.  
- کۆنگرەی چوارەم، لە 6 تاوەکو 8ی کانوونی یەکەمی 2003 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی پێنجەم، لە 8 و 9ی ئابی 2005 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی شەشەم، لە 6 تاوەکو 8ی ئایاری 2011 لە هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە