رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان لە یادی 110 ساڵەی رۆژنامەگەریی تورکمانیدا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا مافی تورکمان بپارێزرێت دەبێت دەستوور هەبێت".
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەشێکی زۆری مافەکانی پێکهاتەی تورکمان لە کوردستان دەستەبەر کراوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت هەموو مافەکانیان دەستەبەر بکرێت دەبێت دەستوورێکمان هەبێت."
رۆژی 25ـی شووباتی 1911 یەکەم رۆژنامەی تورکمانی بە ناوی "حەوادیس" لە کەرکووک دەرچوو کە هەشت ساڵ بەردەوام بوو و ئێستا 110 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت کە بە ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی دانراوە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: "ئەم رۆژە بۆ تورکمانەکان زۆر گرنگە. ئێمە ئەم یادەمان لە پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 1ـی ساڵی 2020 پەسندکردووە. ئەمساڵ ناتوانین وەک ساڵی رابردوو چالاکی بۆ بەرزڕاگرتنی بکەین، ئەوەیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. تەنیا بە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەو یادە بەرز رادەگرین."
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان وەکو پێکهاتەی تورکمان نەیانتوانیوە خاوەنی راگەیاندنێکی بەهێز بن، ئەوەیشی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە و گوتی: "لە پلانماندایە و پرۆژەیشمان ئامادەیە کە راگەیاندنێکی تورکمانی دابنێین کە سەربەخۆ و دوور لە حیزبەکان بێت."
لەبارەی ئاستی رۆژنامەڤانیی تورکمانییەوە گوتی: "بەداخەوە ئێستا ئاستی رۆژنامەڤانیی تورکمانی زۆر لە ئاستێکی لاوازدایە، چونکە پێکهاتەی تورکمان راگەیاندنێکی پرۆفێشناڵی نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ