بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ناوچە دابڕاوەکان ناڕەزایی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوە

 
رووداو - کەرکووک

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەبێ ئاگاداریی خوێندنی کوردی بڕیاریداوە بابەتی عەرەبی بەشداری پێبکرێت لە تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان، ئەو بڕیارەیش ناڕەزایی خوێندکارانی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان لێکەوتەوە. 
 
بڕیارەکە لەکاتێکدایە، زۆربەی پۆلە کۆتاکان لە قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییەکان بابەتی عەرەبییان نەخوێندووە، دوای ئەوەی لەلایەن سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردییەوە دڵنیاییان پێدرابوو ئەو بابەتە لە تاقیکردنەوەکان بەشداریی پێناکرێت.
 
محەمەد جەمال خوێندکاری شەشەمی ئامادەییە و دەڵێت "تاوەکو ئێستا بابەتی عەرەبی نەخوێندراوە لە قوتابخانەکان، گەر خوێندرابێت زۆر بە کەمی، هیچ تاقیکردنەوەی لێنەکراوە، بۆیە داواکارین دکتۆر ئالان بێتە سەر هێڵ و عەرەبی لاببرێت". خوێندکارێکی دیکەش بەناوی بورهان تاهیر ئاماژەی بەوە کرد "هیچ بابەتێک لە بابەتی عەرەبی نەخوێندراوە و تاقیکردنەوەشی لێنەکراوە".
 
بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشتر وەزارەتی پەروەردە هەندێک لە بابەتەکانی کەمکردەوە و دەوامیش 20% کرابوو، ئێستاش دەوام بە هەمان هۆکار بە تەواوی راگیراوە و بابەتی عەرەبی کە بڕیاربوو بەشداریی پێنەکرێت لە تاقیکردنەوە، لە قوتابخانەکان نەخوێندراوە و بە نمرەی 100یش بەشداریی پێدەکرێت.
 
عەلی قەساب، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر خوێندکارانی کورد دەڵێت "کاریگەریی هەیە، تاوەکو ئێستا خوێندکار نەیخوێندووە، دۆخێکی خراپە، بەهۆی ئەوەی نمرەکانی دیکەشی کەم دەبنەوە خوێندکار".
 
ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق بابەتی کوردیی لە پرۆگرامی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی کوردی لابردبوو، دوای داواکاریی سەرپەرشتیارانی پەروەردەی کەرکووک، بابەتی کوردی زیادکرا و بەڵێن بە خوێندنی کوردی درابوو بابەتی زمانی عەرەبی بەشداریی پێناکرێت، کەچی بڕیارە لەناکاوەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق خوێندنی کوردیی تووشی شۆک کرد.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری و ئەندامی لیژنەی تاقیکردنەوەکان دەڵێت "ئەوەندەی توانیمان هەوڵماندا، نەمانتوانی عەرەبی لابدەین، بەڵام کوردیمان دانایەوە لە خشتەکان، وەزیری پەروەردەی عێراق گوتی لە توانای منیشدا نییە بابەت هەڵبگرم، بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین لە هەموو وێستگەکان لەگەڵیان دەبین".
 
بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ خوێندنی کوردی و تورکمانییە، گوتەبێژی وەزارەتەکەش رایگەیاند "بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزارەتەوه دراوە و لەسەر داواکاریی بەشی خوێندنی کوردی و تورکمانی بابەتی زمانی کوردی و تورکمانی لە تاقیکردنەوەکان زیادکراوەتەوە، بەڵام لابردنی بابەتی عەرەبی گونجاو نییە".
 
بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیکەی 15 هەزار قوتابی پۆلەکانی شەشەمی سەرەتایی، سێیەمی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن دەکەن.