دیزاین و کوالێتیی شەقامی 150 مەتریی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق 'هاوشێوەی نییە'

25-02-2021
گۆڤەند مستەفا
شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن شەقامی 150مەتریی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
شەقامی بازنەیی 150 مەتری شەقامێکی بازنەیی خێرایە بە چواردەوری شاری هەولێردا، بەگشتی درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە و پێکدێت لە دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی 20 مەتر بۆ هەر ئاراستەیەک.
 
دوورگەی ناوەندی هەردوو شەقامە سەرەکییەکە 20 مەتر پانتاییەکەیەتی لە دوو شەقامی سەرەکیی خزمەتگوزاری پێکدێت لەلای راست و چەپی شەقامەکە. پانیی هەر لایەکی شەقامە خزمەتگوزارییەکەش 24 مەترە.
 
شەقامی 150 مەتری گشت پێکهاتەکانی رێگە لەخۆدەگرێت، وەکو سیستەمی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و شارە نیشتەجێکان، تۆڕی رووناکی، هێماکانی هاتووچۆ، هێڵکاریی رێگە، پەرژینی خۆپاراستن، پردی پەڕینەوە بۆ هاونیشتمانیان و شۆستەی پیادە.
 
درێژیی شەقامەکە بەگشتی 70 کیلۆمەترە، ئەو بەشەی کە ئێستا تەواوکراوە، درێژیی چێوەکەی 10 کیلۆمەترە، بەڵام وەکو رووبەری کارکردن نزیکەی 65 کیلۆمەتر رێگەیەکی دوو ساید دەبێت بە پانیی 15 مەتر قیر.
 
شەقامە سەرەکییەکە پێنج رێڕەوە بۆ هەر ئاراستەیەک، کە رێڕەوێکیان بۆ فریاگوزاری بەکاردێت، شەقامە خزمەتگوزارییەکە لە چوار رێڕەو پێکدێت، دوو رێڕەو بۆ هەر ئاراستەیەک.
 
شەقامەکە 14 پرد، هەشت ژێر پردی و سێ پردیشی بۆ پەڕینەوەی هاونیشتمانیان تێدایە.
 
ئەو بەشەی شەقامەکە دوو ئینتەرچەینجی تێدایە، یەکێکیان لە چوارڕیانی رێگەی هەولێر و پیرمام، ئەوی دیکەیان لە چوارڕیانی رێگەی هەولێر و بەحرکە.
 
ماوەی کارکردن لە پرۆژەکە نزیکەی 800 رۆژە، لە رێککەوتی 17ی ئەیلوولی 2018 دەست بە کارکردن کراوە و لە کۆتایی ساڵی 2020 کارەکانی تەواوکرا.
 
پرۆژەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ دیزاین کراوە، سیستەمی ئاوەڕۆ بە درێژایی 10 کیلۆمەتر بۆ نزیکەی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە دەکەونە سەر شەقامەکە، دروستکراوە. سەرباری ئەوەی کە سێ پردی سووڕانەوە، سێ پردی پەڕینەوەی هاووڵاتییان، چوار پرد و دوو ژێر پرد تەنیا لە چوارڕیانی رێگەی بەحرکە و رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر و چەندین بڕگەی دیکەی پێویست وەکو تۆڕی رووناکی و پەرژینی خۆپاراستن بە درێژایی 50 کیلۆمەتر لە دیزاینی پرۆژەکە لەبەرچاو گیراون، کە لە دەرخستەی بنەڕەتیی پرۆژەکەدا نەبوون.
 
شەقامەکە 1600 ستوونی کارەبای تێدایە، هەموو دەروازەکانی رێگەی هەولێر و دهۆک، هەولێر و سلێمانی، هەولێر و موسڵ، هەولێر و کەرکووک لەگەڵ بازنەی 150 مەتری یەکتر دەبڕن.
 
دیزاینی شەقامەکە لەلایەن ئەندازیاری کوردەوە کراوە، قیری شەقامەکە لە سێ چین پێکدێت، کە تێکڕای ئەستوورییەکەی 20 سانتیمەترە، لە چینی کۆتایی ماددەی پۆلیمەری جۆری کراتۆن بەکارهاتووە، بۆئەوەی بەرگەی هاوینی گەرم و زستانی سارد بگرێت، بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان کە بەسەریدا تێپەڕدەبن بەپێی دیزاینی پرۆژەکە.
 
لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، "تاوەکو ئێستا شەقامی لەو شێوەیە وەکو ئەو دیزاین و کوالێتیی کەرەستەی بەکارهاتوو، نییە".
 
لەڕووی بازرگانییەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە جووڵەی بازرگانی لەگەڵ دهۆک، سلێمانی و پارێزگاکانی عێراق خێرا و ئاسانتر دەکات.
 
بە درێژایی ماوەی پرۆژەکە، زیاتر لە دوو هەزار کەس لە پرۆژەکەدا کار دەکەن.
 
سیستەمی ئاوەڕۆی ئاوی باران نزیکەی 60 کیلۆمەتر درێژی دەبێت، کە بۆریی پۆلی ئەسیلینی تێدا بەکارهاتووە.
 
سەرجەم کەلوپەل و ئەو ماددانەی کە لە پرۆژەکەدا بەکارهاتوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابینکراون، چەند بڕگەیەکی بچووک نەبێت کە بۆ پردەکان بەکارهاتووە لە دەرەوە هاوردەکراون، بەدەستی کارمەندی خۆماڵیی بەئەزموون و شارەزا پرۆژەکە ئەنجامدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە