خەڵاتی شیفا گەردی درایە ئەلێكس كرۆوفۆرد ژنە رۆژنامەڤانی نێوداری جیهانی

25-02-2021

16:45

راگەیاندنکارە بەنێوبانگەکانی جیهان چی لەبارەی شیفا گەردییەوە دەڵێن؟

بەشێک لە راگەیاندنکارە جیهانییەکان لە رێوڕەسمی خەڵاتی شیفا گەردی

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو و كۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەو رۆژنامەڤانەدا، خەڵاتی شیفا گەردی دەداتە رۆژنامەڤانێكی ژنی بە توانا كە رووماڵی جەنگی كردووە و رۆژنامەڤانێكی نێوداری جیهانی بۆ خەڵاتی ئەمساڵ هەڵبژاردووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شووبات، هاوكات لەگەڵ رۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردیدا براوەی خەڵاتەكە لەسەر تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رووداو دیجیتاڵدا راگەیێندرا، کۆمیتەکە ئەلێکس کروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سکای نیوزی بەریتانیی وەکو براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2021 هەڵبژارد.
 
بەشێک لە راگەیاندنکارە بەنێوبانگەکان لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا ستایشی رۆڵی شیفا گەردی و تۆڕی میدیایی رووداویان کرد لە رووماڵکردنی شەڕی مووسڵ.
 
رۆب بەینۆن: شیفا کەسێکی پڕزانیاری و چاونەترس بوو
 
رۆب بەینۆن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دی ئێم ئەی لەبارەی شیفا گەردی ئاماژە بەوە دەدات: "شیفا کەسێکی پڕزانیاری بوو، کونجکۆڵ بوو، چاونەترس بوو. لەگەڵ بینەرانیشیدا پەیوەندییەکی مرۆییانەی هەبوو. دوای ئەوەی داعش موسڵی داگیر کرد، هەموو ئێوارەیەک شیفا لەنێو داروپەدووی ئەو شارەوە رووماڵی دەکرد. بەشێوەیەکی تراژیدیانەش بەهۆی بۆمبێکی چێندراوی داعش گیانی بەخشی. لەو کاتەدا کە بەدوای دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە بوو". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رۆب ئاماژە بەوە دەدات: "ئێمە بۆ هەمیشە شیفامان لە یاددا دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش لەم کاتەی ساڵدا. 
شتێک کە شیفا دەستێکی باڵای تێدا هەبوو، دۆزینەوەی رەهەندی مرۆییانەی هەر چیرۆکێک بوو. هەم بەشە رووناکەکە و هەم بەشە تاریکەکەی چیرۆکەکە. ئەمە تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی رۆژنامەڤانییە". 
 
 
شیفا گەردی لە یەکێک لە رووماڵەکانیدا کەروێشکێکی دۆزییەوە و لەژێر داروپەدووی خانووەکان رزگاری کرد، رۆب بەینۆن لەو بارەیەوە دەڵێت: "لەبیرمە کە شیفا لە نێو دارووپەردوو کەروێشکێکی ماڵی دۆزییەوە، لەلایەن خێزانێکەوە جێهێڵدرابوو، کە رەنگە ئاوارەبووبن یان کوژرابن. کەروێشکەکەی بردەوە بۆ ستودیۆ، چونکە بەلای ئەوە ئەو کەروێشکە سیمبولی بەختەوەریی لەدەستچووی خێزانێک بوو لەو شارەدا". 
 
رۆب بەینۆن ئاماژە بەوەش دەدات: "چیرۆکی ئەم کەروێشکە بە هەمان راددەی هەواڵی دیکە کاریگەری لەسەر بینەر دروستکرد. ئەم رەهەندە مرۆییە لەگەڵ تایبەتمەندی ئازایەتی و بوێری و چاونەترسی تێکەڵ بکەی باشترین رۆژنامەڤانت دەست دەکەوێ، کە شیفا گەردی بوو".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رۆب بەینۆن لەبارەی راهێنانیان لە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "کۆمپانیاکەم شانازی ئەوەی پێبڕا هەموو رۆژنامەڤان و پرۆدوسەرانی 'رووداو' رابهێنێت. پێش و پاش دەستکردن بە پەخش لە ساڵی 2013. یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئەو گرووپەی رامانهێنا خانمێک بوو بەناوی شیفا گەردی. هەر لەسەرەتاوە تایبەتمەندییەکانی رۆژنامەڤانێکی پلە باڵای تێدابوون".
 
خەڵاتی شیفا گەردی خەڵاتێکی ساڵانەیە و رووداو دەیبەخشێت، بۆ رێزلێنانی کارەکانی ژنێکی رۆژنامەڤان لە ناوچەکانی ململانێ ئامێز. هەروەها وەک پابەندی رووداو بە رێزگرتن لە کاری رۆژنامەڤانیی ئاست بەرزی جیهانی. رۆب بەینۆن لەبارەی ئەوەی کە شیفا گەردی چووەتە بەرەی پێشەوەی شەڕ دەڵێت، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە رووداو هەرگیز جیاوازی نەکردووە لەنێوان کاری رۆژنامەڤانی ژنان و پیاوان. کارێک پیاوان بتوانن بیکەن ژنانیش دەتوانن. "بەبۆچوونی من زۆرجار ژنان باشتریش دەتوانن بیکەن". 
 
رێوڕەسمی خەڵاتی شیفا گەردی ئەمساڵ کەمێک جیاوازە لە ساڵانی پێشتر. رۆب بەینۆن لەبارەی دابەشکردنی خەڵاتی شیفا گەردی لە 2020 دەڵێت: "ساڵی رابردوو من لە هەولێر بووم لەکاتی بەخشینی خەڵاتەکە بە ئەروا دەیمن، پەیامنێری سی ئێن ئێن. ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاوە ناتوانین لەوێ بین، بەڵام بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەڵێم خەڵاتی ئەمساڵ دەدرێتە رۆژنامەڤانێک کە پتر لە سی ساڵە دەیناسم. ئەویش ئەلێکس کرۆوفۆردە، کە پەیامنێری سکای نیوزە".
 
ئالێکس لە ناوچەی مەترسیدار، جەرگەی شەڕ و ئاڵۆزی کاری کردووە. لە سووریا، مالی، لیبیا و میسڕ. بەم دواییانەش کاری لەسەر پەتا جیهانییەکە کردووە کە چۆن کاریگەری لەسەر خێزانەکان هەبووە، واتە لایەنی مرۆیی. 
 
ئادریان سمیت: شیفا دەیویست ببێتە باشترین پەیامنێر، باشترین بێژەر و باشترین رۆژنامەڤان
 
ئادریان سمیت، راهێنەر لە کۆمپانیای دی ئێم ئەی کە راهێنەری شیفا گەردی بوو لەبارەی خەسڵەتەکانی پێشکێشکارێکی سەرکەوتوو دەڵێت: "من لەگەڵ هەندێک لە باشترین بێژەران و رۆژنامەڤانانی جیهان کارم کردووە. ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە سەرەڕای هەبوونی بەهرەی سرووشتی، بۆ ئەوەی بگەیتە لوتکە پێویستە پاڵنەری راستەقینەت هەبێت. پاڵنەری راستەقینە و خەونی سەرکەوتن". 
 
ئەو راهێنەرە لەبارەی شیفا گەردییەوە دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە شیفا هەموو ئەوانەی تێدابوو. هەم بەهرەی هەبوو هەم پاڵنەری راستەقینە. بەڕاستی دەیویست بەهرەکەی بە باشترین شێواز بەکاربهێنێت، هەر لە سەرەتاوە [سەرەتا ناسینی شیفا گەردی]، ئاشکرابوو کە شیفا یەکێک بوو لە باشترین ئەو فێرخوازانەی لە هەولێر هەمانبوو. 
 
 
شیفا گەردی پێشکێشکارێک بوو کە هەرگیز لە خاڵێکدا نەدەوەستا و بەردەوام دەیویست کارەکانی باشتر بکات، ئادریان بیرەوەرییەکی خۆی لەگەڵ شیفا گەردی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "رۆژێک لە کاتی پشوودا هاتە لام، دیار بوو کە لە ئەدای خۆی ناڕازیبوو. پرسیاری لێکردم 'چۆن وابکەم باشتربم؟' ئەوە دەریخست کە دەیوسیت ببێتە باشترین پەیامنێر، باشترین بێژەر و باشترین رۆژنامەڤان".
 
هەروەها لەبارەی شەهیدبوونی شیفا گەردی دەڵێت: "لەدەستدانی ئەو کۆستێکی گەورەبوو بۆ رووداو و بۆ هاوڕێیانی و بنەماڵەکەی، لە هەمان کاتدا بۆ کاری رۆژنامەڤانیش لە هەرێمەکەدا".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئادریان دەڵێت: "رۆب بەینۆن [بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێم ئەی]، لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارم تینا میڵمان زۆر بە پەرۆشەوە باسی ئەو کاتە دەکەین کە لە هەولێر بەسەرمان برد کاتێک کارمەندانی رووداومان رادەهێنا. دامەزراندنی تەلەڤزیۆن و راهێنانی کارمەندان لەو ماوە کورتەدا ئاڵنگارییەک بوو، بەڵام خۆشحاڵین کە دەبینین کارمەندان و راهێنراوان بوونە میدیاکاری پڕۆفێشناڵ". 
 
ئادریان بە ناوی تیمەکەیەوە دەڵێت: "ئێمە بەم دەستکەوتە زۆر خۆشحاڵین. هیوادارین شوێندەستمان بە 'رووداو'ەوە دیار بێت، بەهەمان شێوە کە شیفا شوێندەستی بە 'رووداو'ەوە دیارە. کاریگەریی لەسەر من و تەواوی تیمی کۆمپانیای دی ئێم ئەی میدیا دانا".
 
هەروەها ئەو راهێنەرەی دی ئێم ئەی دەڵێت: "لە کۆتاییدا دەمەوێ لەم دەرفەتەدا ئاماژە بۆ ناوی کریس کرەیمەر بکەم کە بەمدواییانە کۆچی دوایی کرد، بەرێوەبەری سی ئێن ئێن ئینتەرنەشناڵ بوو. کریس بەشی زۆری ماوەی کارکردنی تەرخانکرد بۆ بواری سەلامەتی رۆژنامەڤانان، ئەوانەی لەبەرەی شەڕن، ئەگەر هێشتا لەنێوماندا مابا، دڵنیام کریس پشتگیری تەواوی خۆی بۆ خەڵاتی شیفا گەردی دەردەبڕی". 
 
تینا میڵمان: هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بیر لەو بۆشاییە گەورەیە دەکەمەوە کە بە رۆیشتنی شیفا دروست بوو

تینا میڵمان، راهێنەرێکی دیکەی کۆمپانیای دی ئێم ئەیە کە را‌هێنانی بە شیفا گەردی کردووە، ئەویش هاوخەمیی خۆی لەبارەی شەهیدبوونی شیفا گەردییەوە دەردەبڕێت و دەڵێت: چوار ساڵ بەسەر مردنی تراژیدی شیفا گەردیدا تێدەپەڕێت. "هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بیر لەو بۆشاییە گەورەیە دەکەمەوە کە بە رۆیشتنی شیفا لەنێو خێزان، هاوڕێ و هاوکاران و هەوادارانی لە کوردستان و جیهاندا دروستی کرد".
 
ئەو راهێنەرەی کۆمپانیای دی ئێم ئەی دەڵێت: "لە هەمان کاتدا، لەم کاتەی ساڵدا بیر لە یەکەم گەشتم دەکەمەوە بۆ هەولێر لە ساڵی 2012 وەک بەشێک لە پرۆژەی دی ئێم ئەی میدیا بۆ راهێنانی کارمەندانی 'رووداو'، رۆژگارێکی خۆش بوو". 
 
 
تینا میڵمان باسی ئەو کاتە دەکات کە هێشتا ستودیۆی تۆڕی میدیایی رووداو لە دروستکردندا بوو، و دەڵێت: "یەکەم کۆرسی راهێنانمان لە گوندی ئیتاڵی گوتەوە. سەرەتا کۆمپیوتەر و کامێرامان نەبوو. لەبری ئەوەی گڕوتینی زۆرمان هەبوو، ئێوەش گڕوتینتان هەبوو".
 
هەروەها ئەو راهێنەرەی دی ئێم ئەی لەبارەی بەشداریکردنی شیفا گەردی دەڵێت: "شیفا بەشداربوو لەو یەکەم کۆرسە. بەڕاستی مایەی ئومێد بوو. بەهرەی سرووشتی هەبوو، خێرا فێردەبوو. دەرکەوتنی لە کامێرا هێندە باش بوو کە ناکرێ بە راهێنان کەسێک فێربکرێت. ئەو بەشێوەی سرووشتی تێیدابوو".
 
تینا میڵمان لەبارەی کۆرسە فێرکارییەکانی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "من چێژم لە فێرکردنی هەمووان بینی لەو گرووپەدا، بەڵام سەرنجی تایبەتی من لەسەر خانمان بوو. لەبەر ئەوەیە خۆشحاڵم کە رووداو بڕیاریدا رێز لە میراتی شیفا بگرێت لەڕێگەی تەرخانکردنی ئەم خەڵاتە بۆ ژنانی رۆژنامەڤان لە ناوچەکە. پێموایە ئەمساڵیش زۆر ورد بوون و باشترین براوەتان دەستنیشانکردووە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تینا ئاماژە بەوە دەدات: "ئەمە میراتی شیفایە کە ئەم خەڵاتە پێشکەشدەکرێ بە وانەی وەکو شیفا هەوڵدەدەن ئیلهامبەخشی رۆژنامەڤانانی دیکە بن لە جیهاندا، بۆ ئەوەی بەدوای ئەو چیرۆکە سەختانەدا بگەرێن، راستی بە دەسەڵاتدار بڵێن و رووناکی بخەنە سەر گۆشە تاریکەکان. ئەمە میراتی شیفایە". 
 
ئادریان وێڵز: شانازی دەکەین کە رووداو هاوبەشمانە لە هەرێمی کوردستان
 
ئادریان وێڵز، نوێنەری تۆڕی هەواڵیی ئینێکس کە هاوبەشی میدیایی تۆڕی میدیایی رووداوە دەڵێت: "بێگومان شیفا لە بەرەی پێشەوەی شەڕ کاری دەکرد کە پێویستی بە ئازایەتیی لەڕادەبەدەرە. رووماڵکردنی شەڕ رەنگە قورسترین و گرنگترین کاری رۆژنامەڤانان بێت کە تێیدا هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ململانێکە دەخرێنە روو لەگەڵ نیشاندانی دەرەنجامە سامناکەکانی بە هەمووان". 
 
هەروەها ئادریان وێڵز ئاماژە بەوەش دەکات: "شانازی دەکەین کە رووداو هاوبەشمانە لە هەرێمی کوردستان. دەمەوێ پیرۆزبایی لە 'رووداو' بکەم بەرامبەر بەردەوامی لە رێزگرتن لە ژیان و کاری شیفا گەردی لەڕێگەی ئەم خەڵاتە ساڵانەیەوە". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئادریان وێڵز دەڵێت: "ئەم کارە [پەیامنێری]، رەنگە پڕ ئاڵنگاریتر بێت بۆ خانمێکی رۆژنامەڤان. جگە لە ئازایەتی، کارەکانی شیفا ناسرابوون بە دلۆڤانی. جەختی دەخستە سەر لایەنی مرۆیی چیرۆکەکان لە پشت دەنگی گوللە و تەقینەوەکان. ئەو چیرۆکانە کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێن، وێرانکاری شەڕ باشتر دەخەنەڕوو".  
 
 
لە دوو ساڵی رابردوودا رووداو ئەو کەسانەی دەستنیشانکردوون خەڵاتەکە وەربگرن کە ئەم تایبەتمەندییانە لە کارەکانیاندا دەبینرێن، ئازایەتی لە رووماڵکردنی رووداوەکانی ناوچەی پڕ مەترسی و میهرەبانی لە دەرخستنی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر ژیانی خەڵک. 
 
هەروەها ئادریان وێڵز لەبارەی ئەلێکس کرۆوفۆرد دەڵێت: "وەرگری ئەمساڵی خەڵاتەکە، ئەم تایبەتمەندییە گرنگانەی تێدان. ئازایەتی و دلۆڤانی. بەلای رۆژنامەڤانانی وڵاتانی رۆژئاواوە، رەنگە رووماڵکردنی بەرەکانی شەڕ چیدیکە سەرنجڕاکێش نەبێت کاتێک رێژەی زۆری هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکانی ململانێ کشاونەوە". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئادریان وێڵز دەڵێت: "ئەو رۆژنامەڤانانەی کە بەردەوامن لە رووماڵ، پێویستە دەستخۆشییان لێ بکرێت. بەو هیوایەی کە رووماڵی ئەوان ببێتە هۆی گۆڕانکاری و بڕیار لە بەرژەوەندیی خەڵکی مەدەنی". 
 
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور رایگەیاند چل و دوو رۆژنامەڤان لە کۆی ئەو پەنجا رۆژنامەڤانەی ساڵی رابردوو بەهۆی کارەکەیانەوە کوژراون، کراونەتە ئامانج. ئەو هێرشانە بۆ سەر رۆژنامەڤانان لە ئەنجامی کارکردنیانە لەسەر گەندەڵی، تاوانی پلانبۆدانراو ،بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و جەنگ.
 
سەتان رۆژنامەڤانی دیکەش بەشێوەی نایاسایی دەستگیرکراون. خەڵاتی ئەمڕۆ بۆ رێزلێنانە لە ژیانی شیفا گەردی و میراتەکەی. هەروەها کاری بەردەوامی ئەو رۆژنامەڤانانەی بڕیاردەدەن ژیانیان بخەنە مەترسییەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

14:55

ئەلێكس كرۆوفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی خەڵاتی شیفا گەردی وەرگرت

ئەلێكس كروفۆرد
ئەلێكس كروفۆرد
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2021 ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی هۆکارەکانی دەستنیشانکردنی ئەلێكس كرۆوفۆرد هاتووە: "یەكێكبووە لەو رۆژنامەڤانانەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، شەڕی باكووری مالی كرد، هەروەها رووماڵی شەڕی ناوخۆی لیبیا و سووریا و رووماڵی شەڕی داعشی كرد. لەو رووماڵانەشدا رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بووەتەوە".
 
راگەیاندنی کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 
 
 لیژنەكەمان دوای گفتوگۆكردن لەسەر كاری چەند رۆژنامەڤانێك، بڕیاریدا خەڵاتی شیفا گەردی ئەمساڵ بداتە رۆژنامەڤانی بەتوانا ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی.
 
ئەلێكس كروفۆرد، لەساڵی رابردوودا بە راپۆرتە سەرنجڕاكێشەكانی سەرنجی جیهانی راكێشایە سەر بارودۆخی سەختی مرۆیی لە وڵاتی یەمەن. بە ئازایەتییەكی زۆر و بە وردبینییەوە توانی رووماڵی جەنگ و لێكەوتەكانی بكات لەسەر ژیانی خەڵكی یەمەن، هەروەها توانی بەشێوەیەكی زۆر ورد دۆخی خراپی كەرتی تەندروستی لە یەمەن نیشانبدات كە بە توانای زۆر كەمەوە رووبەڕووی پەتای كۆڤید 19 دەبێتەوە.
 
 ئەلێكس كروفۆرد، یەكێكبووە لەو رۆژنامەڤانانەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، شەڕی باكووری مالی كرد، هەروەها رووماڵی شەڕی ناوخۆی لیبیا و سووریا و رووماڵی شەڕی داعشی كرد. لەو رووماڵانەشدا رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بووەتەوە.
 
ئەمساڵ زۆر بە شایستەییەوە خەڵاتی شیفا گەردی پێشكێشی ئەلێكس كروفۆرد دەكەین، وەك رێزگرتنێك لە كارە رۆژنامەڤانییەكانی.
 
 
کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی
 
25ی شوباتی 2021
 
کرۆوفۆرد کێیە؟

نزیکەی 30 ساڵە کاری رۆژنامەڤانی دەکات و رووماڵی زۆر لە پرسە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقای کردووە، لەوانە شەڕی ناوخۆ لە سووریا و یەمەن.
 
کرۆوفۆرد یەکەم پەیامنێر بووە لە جیهان کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕواتە ویلایەتی راخاین لە میانمار، هەروەها توانی وەک یەکەم رۆژنامەڤان پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی موسوڵمانانی رۆهینگیا تۆمار بکات.
 
کرۆوفۆرد ئێستا لە تورکیاوە کار بۆ سکای نیوز دەکات، بەڵام بەردەوام لە ناوچەکە و شوێنەکانی دیکەوە رووماڵی پرسە گەرمەکان دەکات. ئەو یەکەم پەیامنێر بوو کە لە گۆڕەپانی سەوزی لیبیاوە رووماڵی شەڕ بکات کاتێک هێزە دژبەرەکان دەستیان بەسەر تەرابلووسی پایتەخدا گرت.بەر لەو کاتە، حکومەتەکەی لیبیا رایگەیاندبوو دەرگا بە دەرگا ئەو وڵاتە لە چەکدارانی راپەڕیو پاک دەکەنەوە
 
ئەو خانمە رۆژنامەڤانە، نۆ ساڵ دواتر ئەمجارە لە تورکیا لەگەڵ کارمەندانی تەندروستیی دەرگا بە دەرگا گەڕاوە، تیمەکانی تەندروستیی بە شوێن تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەویش دیمەنی کردنەوەی دەرگای ئەو ماڵانەی دەگواستەوە کە ماوەیەک بوو بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە داخرابوون.
 
رەنگە بۆ هەندێک لە رۆژنامەڤانان رووماڵی پەتایەکی جیهانگیر ئەزموونێکی نوێ بێت، بەڵام کرۆوفۆرد پێشتر رووماڵی قەیرانی ئیبۆلای کردووە، قەیرانێک کە ئەفریقای کردە ئامانج و هەرزوو وڵاتانی دیکەی هێنایە سەر هێڵ، لەوانە ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما.
 
شەڕی یەمەن بەردەوام جێگای سەرنجی ئەو پەیامنێرە بەریتانییە بووە، بە تایبەت کە کە وڵاتەکەی تۆمەتبارە بە پێدانی چەک بە هاوپەیمانی سعودیە لە دژی حوسییەکانی یەمەن.
 
ئەمە دیمەنی نەخۆشخانەیەکە لە یەمەن، کرۆوفۆرد لە راپۆرتێکدا دەڵێت وەک دۆزەخ وایە لەسەر زەوی، ئەم منداڵە تەمەن 4 ساڵە لە رۆژی لەداییکبوونیەوە تا ئەو کاتەی هێنراوەتە نەخۆشخانە جگە لە چەند رۆژێکی کەم بەردەوام برسی بووە، خوشکە بچووکەکەشی بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردووە.
 
لەکاتی رووماڵی شەڕ و تووندوتیژی، بە تایبەت لە سووریا، کرۆوفۆرد و تیمەکەی، بەردەوام رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، وەک خۆی دەڵیت هیچکات هێندەی ئێستا گرنگ نەبووە رۆژنامەڤان بیت، هیچ کات هێندەی ئێستاش مەترسیدار نەبووە بۆ رۆژنامەڤان، بەڵام نەک بەهۆی رووماڵی ئەو ناوچانەی شەڕیان لێدەکرێت، بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئێستا لەلایەن هەندێک لە سیاسییەکانەوە رۆژنامەڤان بە دوژمنی خەڵک ناودەبرێت. 
 
هەرچەندە کرۆوفۆرد رۆژنامەڤانێکی جیهانییە و وا دەردەکەوێت بەشوێن رووماڵی گەورەوە بێت، بەڵام بەگوتەی خۆی هەموو چیرۆکێک سەرەتایەکی ناوچەیی هەیە، لە گەرەکێک و لە شارێکەوە دەستپێدەکات
 
ئەو گەورە پەیامنێرە پێگە و ناوبانگی خۆی بۆ رۆژانی سەرەتا دەگێڕێتەوە، ئەو کاتەی لە رۆژنامەی وۆرکینگهام تایمز دەستی پێکرد، هەروەها ئەو کاتەی لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ راهێنان بە رۆژنامەڤانان راهێنانی وەرگرت. ئەو ئێستا خۆی لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە کاردەکات بۆ راهێنان بەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە رۆژنامەڤان، هەندێکجار لە رێگەی ڤیدیۆوە، بۆ نموونە چۆن رۆژنامەڤان رووماڵی پەتای کۆرۆنا بکات. 
 
ئەلێکس کرۆوفۆرد، گەورە پەیامنێری کەناڵی سکای نیوز دەڵێت "زۆر گرنگە زانیاری ورد کۆبکرێتەوە لەبارەی ئەوەی سیاسییەکان چییان گوتووە، لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆ چوونەتە کوێ و کەی ئەو گەشتانەیان کردووە. ئەو بانگەشانەی کە دەیکەن، ئاخۆ دەقاودەق وان؟ ئایا راستن؟ هەموو کەسێک-رۆژنامەڤانان-دەبێت ئەم پرسیارە گرنگانە بکەن. هەروەها داوای وەڵامیش بکەن بۆ ئەو پرسیارانە."
 
کرۆوفۆرد تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی تایبەت بە رۆژنامەڤانی بەدەستهێناوە، لەوانە دوو خەڵاتی ئێمی و هەروەها خەڵاتێکی بافتا بەهۆی رووماڵی ئیبۆلاوە. بۆ ئەمساڵیش بەهۆی بوێری و رووماڵی شەڕ لە یەمەن و پەتای کۆرۆنا لەلایەن لێژنەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شەهید شیفا گەردی، وەک براوەی خەڵاتەکە دەستنیشانکرا.
 
ئەلێکس کراۆوفۆرد 
 
ناوی تەواوی ئەلێکساندرا کریستین کراۆوفۆردە 
 
ساڵی 1963 لە نایجیریا لەدایکبووە
 
وڵاتینامەی بەریتانی هەیە 
 
پەیامنێری کەناڵی سکای نیوزی بەریتانییە 
 
لە چەندین دامەزراوەی میدیایی وەک بی بی سی کاریکردووە 
 
لە ساڵی 1989ەوە کار بۆ سکای نیوز دەکات 
 
لە ساڵی 2005ەوە پەیامنێری سکای نیوزە لە دەرەوەی وڵات 
 
رووماڵی رووداوەکانی ناوچەی کەنداو، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیای کردووە 
 
رووماڵی خۆپێشاندان و شەڕەکانی بەهاری عەرەبی کردووە 
 
چەندین خەڵاتی جیهانی بردووەتەوە 
 
ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و 4 منداڵی هەیە
زیاتر بخوێنەوە

14:07

راگەیێندراوی کۆمیتەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی

رووداو
لیژنەكەمان ساڵانە خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی لە رێوڕەسمێكدا دەداتە رۆژنامەڤانێكی ژن، كە كاری ناوازە و بنكۆڵكاری رۆژنامەڤانی لە ساڵی رابردوودا كردبێت. 
 
لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو خەڵاتە لە دوو رێوڕەسمی زۆر گەورەدا و بە ئامادەبوونی كەسایەتی جیهانی و دەستەبژێرێك لە رۆژنامەڤانان درایە دوو رۆژنامەڤانی زۆر بە توانای ژن كە ئەوانیش بریتیبوون لە جینان موسا لە تەلەڤزیۆنی ئەلئان و ئەروا دایمۆن لە تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن.
 
ئەمساڵ بەهۆی پەتای كۆڤید 19ەوە، چەند ئەندامێكی لیژنەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی نەیانتوانی لە ئەوروپاوە بێنە كوردستان، هەروەها بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئامادەبوونی میوانان لە دەرەوە لەبەر ئەو پەتایە، لیژنەی خەڵاتی شیفا گەردی بڕیاریدا رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەكە بەشێوەیەكی دیاریكراو و بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامبدات.
 
بەداخەوە ساڵی رابردوو ساڵێكی زۆر سەخت و خوێناوی بوو بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهاندا. بەپێی ئاماری رێكخراوی زانست و رۆشنبیری و پەروەردە- یونسكۆی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی رابردوودا 62 رۆژنامەڤان لە جیهاندا كوژراون، هەروەها بەپێی ئاماری رێكخراوی رۆژنامەڤانانی بێسنوور لەساڵی 2020دا بەگشتی 50 رۆژنامەڤان لە جیهاندا كوژراون، كە زۆربەشیان لەو وڵاتانەدا كوژراون كە شەڕیان تێدا نییە. ئەمەش نیشاندەدات كە ساڵی رابردوو بە بەراورد لەگەڵی ساڵی 2019دا ساڵێكی خوێناویتربووە، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو بەڵێنەی كاربەدەستانی دەوڵەتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا یەكناگرێتەوە بە رێزگرتن لە كاری راگەیاندن و پاراستنی گیانی رۆژنامەڤانان.
 
خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، بۆ یادكردنەوەی گیان و كاری شیفا گەردی، رۆژنامەڤان و پێشكێشكاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو و رێزگرتن لە كاری رۆژنامەڤانانی ژن لە جیهاندا دروستكرا. شیفا گەردی رۆژی 25ی شوباتی 2017 لەكاتی ئامادەكردنی بەشێكی بەرنامەكەی (فۆكەس موسڵ) سەبارەت شوێنی كۆمەڵكوژییەكی داعش لە موسڵ، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی داعش دا گیانی لەدەستدا.
 
کۆمیتەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی
 
25ی شوباتی 2021
زیاتر بخوێنەوە

10:58

نەتەوە یەکگرتووەکان: لانیکەم 59 میدیاکار لە 2020 کوژراون

هەرچەندە ساڵی 2020 بۆ جیهان، ساڵی کەرەنتین و سەرقاڵبوون بە شەڕکردن بوو دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام رۆژنامەنووسان لە تووندوتیژی دەسەڵات و بوونەقوربانی بارودۆخە ئاڵۆزەکان، بێبەش نەبوون.
 
ئاژانسی یۆنسکۆی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ساڵی 2020دا لانیکەم 62 میدیاکار لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیان بوونەتە قوربانی.
 
 سی پی جی، کۆمیتەی تەمەن 40 ساڵەی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە ساڵی 2020دا و لە سەرانسەری جیهان، لانیکەم 274 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەرزترین بووە. هەر لەو ساڵەدا 34 رۆژنامەنووس بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستگیرکراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەکارهێنانی پەتای کۆڤید-19 بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی دژ بە رۆژنامەنووسان و ئازادی خەڵک، نیگەرانە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "بەکارهێنانی پەتاکە وەک پاساوێک جێگەی قبووڵکردن نییە. حکومەتەکان لە چەند وڵاتێکی جیهان بڵاوکردنی هێزە ئەمنییەکانیان چڕکردووە و رێکاری ئەمنیی تووندیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئازادییەکان و بێدەنگکردنی خەڵک و هەروەها میدیا و رۆژنامەنووسان".
 
پەیامنێرانی بێسنووریش لەگەڵ نیگەرانی گوتێرێزن، ئەوان دەڵێن پەتای کۆرۆنا دەرفەتێكی داوەتە وڵاتە نادیموکراسییەکان تاوەکو بەناوی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، رێکاری نوێ دەربکەن کە لەکاتە ئاساییەکاندا نەیاندەتوانی باسیان بکەن.
 
چین، رووسیا، هیندستان، تایلاند، ئێران، بەشی زۆری وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور بەشێکن لەو وڵاتانە و هەنگاریاش بەمدواییە یاسایەکی دەرکردووە کە تێیدا 5 ساڵ زیندانی بەسەر هەرکەسێک دەسەپێندرێت کە هەواڵی درۆ لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبکاتەوە.
 
حکومەتی بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە لە لیستی وڵاتانی سەرکوتکردنی میدیا و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسانە، ئەوەش نیگەرانی ئەوروپییەکانی لێکەوتووەتەوە.
 
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: "ئێمە سەرکۆنەی هەموو ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر رۆژنامەنووسان و میدیا لە جیهان بەگشتی و لە بێلاڕووس بەتایبەتی. داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکەین بە ئامانجکردنی رۆژنامەنووسان بووەستێنێت".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی بەرگریکار لە کاری میدیایی، ترسی خۆیان لە ئاست دەستوەردانی دەسەڵاتە سیاسییەکان ناشارنەوە لەزیاتر سنووردارکردنی ئازادی میدیا و بەگەڕخستنیان بۆ زیاترکردنی هەژموونیان بۆ سەر کۆمەڵگە و دەڵێن؛ لە ئێستاوە تاوەکو 2030، میدیا بە یەکێک لە قورسترین دەیە تێپەڕدەبێت و چارەنووسی بۆ چەندین دەیەی دیکە دیاریی دەکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:44

خەڵاتی شیفا گەردی درایە ئەلێكس كرۆوفۆرد ژنە رۆژنامەڤانی نێوداری جیهانی

ژنە رۆژنامەڤانێكی نێوداری جیهانیی بۆ خەڵاتی ئەمساڵ هەڵبژێردراوە ​
ژنە رۆژنامەڤانێكی نێوداری جیهانیی بۆ خەڵاتی ئەمساڵ هەڵبژێردراوە ​
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو و كۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەو رۆژنامەڤانەدا، خەڵاتی شیفا گەردی دەداتە رۆژنامەڤانێكی ژنی بە توانا كە رووماڵی جەنگی كردووە و رۆژنامەڤانێكی نێوداری جیهانیی بۆ خەڵاتی ئەمساڵ هەڵبژاردووە.
 
كاژێر 14:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 25ی شوبات، هاوكات لەگەڵ رۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردی دا براوەی خەڵاتەكە لەسەر تەلەڤزیۆن و رادیۆ و رووداو دیجیتاڵ دا رادەگەیێندرێت.
 
شیفا گەردی رۆژنامەڤانی دیاری (تۆڕی میدیایی رووداو) لە 25ی فێبریوەری ساڵی 2017 و لەكاتی كاری رۆژنامەڤانیدا لەشاری مووسڵ گیانی لەدەستدا. وەك رێزلێنانێك بۆ گیانی هەموو ئەو رۆژنامەڤانانەی كە لەكاتی رووماڵی شەڕی داعش و تووندوتیژییەكانی دیكەدا گیانیان لەدەستدا، كاری هەموو ئەوانەش كە لەكاتی رووماڵی رووداوەكان و گەیاندنی راستییەكاندا دووچاری سەختی دەبنەوە، (رووداو) بڕیاری داوە ساڵانە خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی بداتە رۆژنامەڤانێكی ژن.
 
كۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی لە كەسانی پسپۆڕ پێكدێن كە كاریان لە میدیا گەورەكانی جیهاندا كردووە و لە رێگەی پرۆسەیەكی هەڵسەنگاندنەوە خەڵاتەكە پێشكێش دەكرێت.
 
ئەگەرچی لە سێ ساڵی رابردوو رێوڕەسمێکی گەورە بەڕێوەدەچوو و بە ئامادەبوونی چەندان كەسایەتی لە كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان ، براوەی خەڵاتەكە ئاشكرا دەكرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا رێوڕەسمەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت. 
 
براوەی خەڵاتی ئەمساڵی شەهید شیفا گەردی ، ژنە رۆژنامەڤانێكە لەساڵانی رابردوو رووماڵی زۆر لە پرسە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیای کردووە، لەوانە شەڕی ناوخۆ لە سووریا و یەمەن.
 
تاوەکو ئێستا، دوو خانمە میدیاکار توانیویانە ئەو خەڵاتە ببەنەوە. یەکەم خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە رۆژنامەڤان جینان موسا لە تۆڕی (ئەلئان) و خەڵاتەکەی لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنساوە پێشکێشکرا.
 
جینان موسا لەبارەی شیفا گەردییەوە رایگەیاندبوو: "شیفا بەو ترسەی دەزانی، منیش بەو ترسە ئاشنام، هەموو رۆژنامەڤانانی بەرەی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش ئەو ترسەیان هەیە، شیفا دوایین توویتی خۆی لە 23ی شوباتی 2017 کرد کە دەکاتە دوو ساڵ بەر لە ئێستا، دواین سێ توویتی ئەو تایبەتبوون بە کەروێشکێکی بریندار کە لە نزیکی موسڵ رزگاری کردبوو، سێ رۆژ دوای ئەوە توویتەرەکەی ئەو بێدەنگبوو، شیفا گیانی لەدەستدا"
 
رووداو ئەو خەڵاتە بە رۆژنامەنووسێک دەدات کە سەختییەکی زۆری کێشابێت لەپێناو گەیاندنی پەیامەکەیدا. ئەروا دەیمن، رۆژنامەڤانی ئەمریکیی، بووە خاوەنی دووەمین خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی. ئەروا لە ساڵی 2003ـەوە وەک رۆژنامەڤانێکی فری لانس رووماڵی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە. لە ساڵی 2006 پەیوەندی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکییەوە کردووە.
 
ئەروا دەیمن، رۆژنامەڤانی ئەمریکیی لەوبارەوە گوتی: "من شەرەفی ئەوەم پێنەبەخشرا کە شیفا رووبەڕوو ببینم. من ئەوم لەڕێگەی ئەو چیرۆکانەوە ناسی کە لە هاوکارەکانی و کەسە نزیکەکانییەوە بیستم، ئەو چیرۆکانەی کە ئەمشەو دووبارە بە وردەکاریی زیاترەوە بیستنمەوە، ئەو چیرۆکانەی باس لە میهرەبانی و سۆزیی ئەو دەکەن، ئەو چیرۆکانەی کە باس لە سرووشتی جوان و خەمخۆریی ئەو دەکەن".
 
شیفا گەردی، لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەکەی، لە كاژێر 03:38 خولەكی ئێوارەی 25ـی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەستدا.
 
شیفا گەردی كە بەڕێوەبەری ئاوتپووتی كەناڵی رووداو بوو، لە پێش شەهیدبوونیشیدا بەرنامەی (فۆكس مووسڵ)ی پێشكەش دەكرد، هەواڵی شەهیدبوونی بەجیهاندا بڵاوبووەوە و دەیان بەرپرس و كەسایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دڵگرانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ شەهیدبوونی دەربڕی.
 
برێت مەكگۆرك، نێردەی ئەو كاتەی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە تویتێكدا لەبارەی شەهیدبوونی شیفا گەردی نووسی: "شیفا هەموو شتێك بوو كە داعش لێی دەترسا؛ ئەو رۆژنامەنووسێك بوو كە درۆكانی داعشی ئاشكرا دەكردن". 
 
نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق- یونامی ئەو كاتە لە راگەیێندراوێكیدا رایگەیاند "خەمبارین بەوەی رۆژنامەنووسێكی گەنج و ئازا لە كاتی راپەڕاندنی كارەكەیدا كوژرا".
 
باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق هاوخەمیی خۆیان بۆ شەهیدبوونی شیفا گەردی لە رێگەی كەناڵە جیاجیاكانەوە دەربڕی. دوگلاس سلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق لە تویتێكدا نووسی: "هەواڵێكی زۆر ناخۆش بوو، سەرەخۆشی لە خانەوادەكەی و هاوڕێكانی دەكەم." فرانك بەیكەر، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیاش لە عێراق لە رێگەی تویتێكەوە هاوخەمیی خۆی دەربڕی و گوتی: "زۆر خەمباربووم بە بیستنی هەواڵی كوژرانی رۆژنامەنووس شیفا گەردی لە مووسڵ. "
 
لەماوەی شەڕی داعشدا لە عێراق و سووریا چەندین رۆژنامەڤان بوونە قوربانی، هەندێكیان لەلایەن داعشەوە رفێندران و پاشان كوژران، هەندێكیشیان لە بەرەكانی شەڕدا كوژران.

 

زیاتر بخوێنەوە