ئەلێكس كرۆوفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی خەڵاتی شیفا گەردی وەرگرت

25-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی
ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی
نیشانەکردن خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2021 ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی هۆکارەکانی دەستنیشانکردنی ئەلێكس كرۆوفۆرد هاتووە: "یەكێكبووە لەو رۆژنامەڤانانەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، شەڕی باكووری مالی كرد، هەروەها رووماڵی شەڕی ناوخۆی لیبیا و سووریا و رووماڵی شەڕی داعشی كرد. لەو رووماڵانەشدا رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بووەتەوە".
 
راگەیاندنی کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 
 
 لیژنەكەمان دوای گفتوگۆكردن لەسەر كاری چەند رۆژنامەڤانێك، بڕیاریدا خەڵاتی شیفا گەردی ئەمساڵ بداتە رۆژنامەڤانی بەتوانا ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی.
 
ئەلێكس كروفۆرد، لەساڵی رابردوودا بە راپۆرتە سەرنجڕاكێشەكانی سەرنجی جیهانی راكێشایە سەر بارودۆخی سەختی مرۆیی لە وڵاتی یەمەن. بە ئازایەتییەكی زۆر و بە وردبینییەوە توانی رووماڵی جەنگ و لێكەوتەكانی بكات لەسەر ژیانی خەڵكی یەمەن، هەروەها توانی بەشێوەیەكی زۆر ورد دۆخی خراپی كەرتی تەندروستی لە یەمەن نیشانبدات كە بە توانای زۆر كەمەوە رووبەڕووی پەتای كۆڤید 19 دەبێتەوە.
 
 ئەلێكس كروفۆرد، یەكێكبووە لەو رۆژنامەڤانانەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، شەڕی باكووری مالی كرد، هەروەها رووماڵی شەڕی ناوخۆی لیبیا و سووریا و رووماڵی شەڕی داعشی كرد. لەو رووماڵانەشدا رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بووەتەوە.
 
ئەمساڵ زۆر بە شایستەییەوە خەڵاتی شیفا گەردی پێشكێشی ئەلێكس كروفۆرد دەكەین، وەك رێزگرتنێك لە كارە رۆژنامەڤانییەكانی.
 
 
کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی
 
25ی شوباتی 2021
 
کرۆوفۆرد کێیە؟

نزیکەی 30 ساڵە کاری رۆژنامەڤانی دەکات و رووماڵی زۆر لە پرسە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقای کردووە، لەوانە شەڕی ناوخۆ لە سووریا و یەمەن.
 
کرۆوفۆرد یەکەم پەیامنێر بووە لە جیهان کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕواتە ویلایەتی راخاین لە میانمار، هەروەها توانی وەک یەکەم رۆژنامەڤان پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی موسوڵمانانی رۆهینگیا تۆمار بکات.
 
کرۆوفۆرد ئێستا لە تورکیاوە کار بۆ سکای نیوز دەکات، بەڵام بەردەوام لە ناوچەکە و شوێنەکانی دیکەوە رووماڵی پرسە گەرمەکان دەکات. ئەو یەکەم پەیامنێر بوو کە لە گۆڕەپانی سەوزی لیبیاوە رووماڵی شەڕ بکات کاتێک هێزە دژبەرەکان دەستیان بەسەر تەرابلووسی پایتەخدا گرت.بەر لەو کاتە، حکومەتەکەی لیبیا رایگەیاندبوو دەرگا بە دەرگا ئەو وڵاتە لە چەکدارانی راپەڕیو پاک دەکەنەوە
 
ئەو خانمە رۆژنامەڤانە، نۆ ساڵ دواتر ئەمجارە لە تورکیا لەگەڵ کارمەندانی تەندروستیی دەرگا بە دەرگا گەڕاوە، تیمەکانی تەندروستیی بە شوێن تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەویش دیمەنی کردنەوەی دەرگای ئەو ماڵانەی دەگواستەوە کە ماوەیەک بوو بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە داخرابوون.
 
رەنگە بۆ هەندێک لە رۆژنامەڤانان رووماڵی پەتایەکی جیهانگیر ئەزموونێکی نوێ بێت، بەڵام کرۆوفۆرد پێشتر رووماڵی قەیرانی ئیبۆلای کردووە، قەیرانێک کە ئەفریقای کردە ئامانج و هەرزوو وڵاتانی دیکەی هێنایە سەر هێڵ، لەوانە ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما.
 
شەڕی یەمەن بەردەوام جێگای سەرنجی ئەو پەیامنێرە بەریتانییە بووە، بە تایبەت کە کە وڵاتەکەی تۆمەتبارە بە پێدانی چەک بە هاوپەیمانی سعودیە لە دژی حوسییەکانی یەمەن.
 
ئەمە دیمەنی نەخۆشخانەیەکە لە یەمەن، کرۆوفۆرد لە راپۆرتێکدا دەڵێت وەک دۆزەخ وایە لەسەر زەوی، ئەم منداڵە تەمەن 4 ساڵە لە رۆژی لەداییکبوونیەوە تا ئەو کاتەی هێنراوەتە نەخۆشخانە جگە لە چەند رۆژێکی کەم بەردەوام برسی بووە، خوشکە بچووکەکەشی بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردووە.
 
لەکاتی رووماڵی شەڕ و تووندوتیژی، بە تایبەت لە سووریا، کرۆوفۆرد و تیمەکەی، بەردەوام رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، وەک خۆی دەڵیت هیچکات هێندەی ئێستا گرنگ نەبووە رۆژنامەڤان بیت، هیچ کات هێندەی ئێستاش مەترسیدار نەبووە بۆ رۆژنامەڤان، بەڵام نەک بەهۆی رووماڵی ئەو ناوچانەی شەڕیان لێدەکرێت، بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئێستا لەلایەن هەندێک لە سیاسییەکانەوە رۆژنامەڤان بە دوژمنی خەڵک ناودەبرێت. 
 
هەرچەندە کرۆوفۆرد رۆژنامەڤانێکی جیهانییە و وا دەردەکەوێت بەشوێن رووماڵی گەورەوە بێت، بەڵام بەگوتەی خۆی هەموو چیرۆکێک سەرەتایەکی ناوچەیی هەیە، لە گەرەکێک و لە شارێکەوە دەستپێدەکات
 
ئەو گەورە پەیامنێرە پێگە و ناوبانگی خۆی بۆ رۆژانی سەرەتا دەگێڕێتەوە، ئەو کاتەی لە رۆژنامەی وۆرکینگهام تایمز دەستی پێکرد، هەروەها ئەو کاتەی لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ راهێنان بە رۆژنامەڤانان راهێنانی وەرگرت. ئەو ئێستا خۆی لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە کاردەکات بۆ راهێنان بەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە رۆژنامەڤان، هەندێکجار لە رێگەی ڤیدیۆوە، بۆ نموونە چۆن رۆژنامەڤان رووماڵی پەتای کۆرۆنا بکات. 
 
ئەلێکس کرۆوفۆرد، گەورە پەیامنێری کەناڵی سکای نیوز دەڵێت "زۆر گرنگە زانیاری ورد کۆبکرێتەوە لەبارەی ئەوەی سیاسییەکان چییان گوتووە، لەکاتی قەدەخەی هاتووچۆ چوونەتە کوێ و کەی ئەو گەشتانەیان کردووە. ئەو بانگەشانەی کە دەیکەن، ئاخۆ دەقاودەق وان؟ ئایا راستن؟ هەموو کەسێک-رۆژنامەڤانان-دەبێت ئەم پرسیارە گرنگانە بکەن. هەروەها داوای وەڵامیش بکەن بۆ ئەو پرسیارانە."
 
کرۆوفۆرد تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی تایبەت بە رۆژنامەڤانی بەدەستهێناوە، لەوانە دوو خەڵاتی ئێمی و هەروەها خەڵاتێکی بافتا بەهۆی رووماڵی ئیبۆلاوە. بۆ ئەمساڵیش بەهۆی بوێری و رووماڵی شەڕ لە یەمەن و پەتای کۆرۆنا لەلایەن لێژنەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شەهید شیفا گەردی، وەک براوەی خەڵاتەکە دەستنیشانکرا.
 
ئەلێکس کراۆوفۆرد 
 
ناوی تەواوی ئەلێکساندرا کریستین کراۆوفۆردە 
 
ساڵی 1963 لە نایجیریا لەدایکبووە
 
وڵاتینامەی بەریتانی هەیە 
 
پەیامنێری کەناڵی سکای نیوزی بەریتانییە 
 
لە چەندین دامەزراوەی میدیایی وەک بی بی سی کاریکردووە 
 
لە ساڵی 1989ەوە کار بۆ سکای نیوز دەکات 
 
لە ساڵی 2005ەوە پەیامنێری سکای نیوزە لە دەرەوەی وڵات 
 
رووماڵی رووداوەکانی ناوچەی کەنداو، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیای کردووە 
 
رووماڵی خۆپێشاندان و شەڕەکانی بەهاری عەرەبی کردووە 
 
چەندین خەڵاتی جیهانی بردووەتەوە 
 
ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و 4 منداڵی هەیە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە