هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە دەكەوێتە مانگی چوار

25-02-2020
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن ئەنفال
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان وجینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالكراوەكانی سەماوە دەكەوێتە مانگی چوار ‌و تەنیا پشكنینی  DNA بۆ روفاتەكان كراوە، نەك كەسوكاری ئەنفالكراوەكان.
 
سەوسن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان وجینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە زۆر دواكەوتووە، بۆیە بەردەوام بەدواداچوونیان لەوباریەوە كردوو.
 
سەوسن محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "لەدوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری كاروباری شەهیدان لە رۆژی دووشەممە 24-02-2020، ئەوەمان زانی کە هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە دەكەوێتە مانگی چوار".
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، بۆ ناسینەوەی روفاتەكان هێشتا پشنكینی DNA لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان وەرنەگیراوە و ئەوەی كراوە تەنیا پشكنینی  DNA بۆ روفاتی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەی یەكەم كراوە، بۆ كەسوكاری هیچ یەكێك لە ئەنفالكراوەكان نەكراوە و ئەوەش گرفتێكی گەورەیە.
 
لە سنووری پارێزگای سەماوە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوەكانی كوردستان هەیە ‌و تاوەكو ئێستا سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لەو سنوورە دۆزراونەتەوە ‌و تەنیا گۆڕێكیشیان هەڵدراوەتەوە كە 171 روفاتی تێدابوو، ئەویش لە 23-07-2019 دەستكرا بە هەڵدانەوەی.
 
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، لە ساڵی 2004ەوە چوار گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەرجەم روفاتەكانیان كورد بوون و خەڵكی ناوچەی بارزان و گەرمیان بوون.
 
ساڵی 2004 دوو گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەكەم 114 رووفاتی تێدا بوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005  گۆڕێك هەڵدرایەوە كە 503 رووفاتی تێدا بوو و ساڵی 2013 گۆڕێك هەڵدرایەوە کە 93 رووفاتی تێدا بوو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە