خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە رۆژنامەڤان جینان موسا

25-02-2019
رووداو @Rudawkurdish
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنسا خەڵاتەکەی پێشکەش ببە جینان موسا کرد
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنسا خەڵاتەکەی پێشکەش ببە جینان موسا کرد
نیشانەکردن شیفا گەردی
A+ A-

رووداو - هەولێر

یەکەم خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە رۆژنامەڤان جینان موسا لە تۆڕی ( ئەل ئان - الآن ) و خەڵاتەکەی لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنساوە پێشکێشکرا.

ئەدریان وێلز، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی ئەورپایی ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری (ئینێكس) و بەڕێوەبەری هەواڵی پێشووی سكای نیوزی بەریتانی و شارەزا لە ستراتیژییەتی میدیا لە رێوڕەسمی پێشکێشکردنی خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی گوتارێکی پێشکێشکرد و ناوی براوەی خەڵاتەکەی ئاشکراکرد.

ئەدریان وێلز گوتی "لیژنەی دادوەری خۆشحاڵە بە راگەیاندنی جینان موسا لە تۆڕی( ئەل ئان) وەک یەکەمین براوەی خەڵاتی یادهێنانەوەی شیفا گەردی".

ئەدریان وێلز ئاماژەی بەوەشکرد "لە لیژنەی دادوەری ئێمەدا، کە هەموویان دەزانن رووماڵکردنی هەواڵی عێراق و سووریا چ تایبەتمەندییەکی چڕ و تایبەتی پێویستە، شانازییەکی تایبەت هەبوو کە دەنگی ژنێکی لاوی عەرەب، وەک یەکەمین وەرگری ئەم خەڵاتە، هەڵبژێردراوە".

لە گوتارێکدا دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، جینان موسا رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە شیفا بوێر بوو. ئەو دەیتوانی لە ماڵەکەی خۆی دابنیشێت. ئەو دەیتوانی لە ستۆدیۆ بمێنێتەوە. هیچ کەس ئەوی بە ئەنجامدانی ئەو کارە مەترسیدارە ناچار نەکرد، بەڵام شیفا ئەو کارەی کرد. ئەو لە بەرەکانی شەڕەوە راپۆرتەکانی ئامادەدەکرد و گیانی خۆی بەختکرد".

جینان موسا گوتیشی "ئەم خەڵاتە بڕێک پارەی لەگەڵە. پلانی من بەخشینی پارەکەیە. کاتی خۆم تەرخاندەکەم بۆ دۆزینەوەی ئەو خێزان، خەڵک، قوربانیانی داعش و رێکخراوە خێرخوازەکان کە سوودی لێدەبینن".


دەقی گوتارەکەی ئەدریان وێلز

شەرەفێکی راستەقینەیە کە بەدوای سەرۆكی پێشوو بڕۆین کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکێک لە پشێوترین و خراپترین قۆناخەکانی مێژوویدا تێپەڕبوو، ئەو کە چەندین کاژێری لەگەڵ سەرانی دیکەی جیهان رووبەرووی چەندین بڕیاری قورس بوونەوە لەکاتی قەیرانەکانی عێراق و سووریادا.

بۆ ئێمە، وەک رۆژنامەڤان، ئەو بڕیارانەی کە دەبێت بەگشتی بیاندەین هێشتا لە بڕیاری سەرۆکەکان، بچووکترن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری گرنگن، لەوانەش چ هەواڵێک رووماڵ دەکەین؟ چۆن رووماڵیان دەکەین  و هەندێکجاریش ئەو بڕیارە پڕمەترسییانانەی تیمەکانی نێو گۆڕەپانەکانی رووداوەکان و بڕیاری بەڕێوەبەرانی نێو ژوورەکانی هەواڵ کە لە وێستگەی سەرەکی کە دەیاندەن، دەربارەی چۆنیەتی پشتگیریکردنی رۆژنامەڤانەکانیان لەناوجەرگەی رووماڵەکانیاندا.
سەبارەت بە رۆژنامەڤانە نێودەوڵەتییەکان، رووماڵکردنی ململانێکان لەم ناوچەیەدا، زۆرجار  بڕیارێكی کەسییە و بڕیار لای خۆیەتی بە رووماڵ نەکردن یان رووماڵکردنی هەواڵێكی دیکە.

بەدڵنیاییەوە، هەندێ هەواڵ هەن کە مەترسییان کەمترە و دەشتوانن رووماڵیان بکەن. بەڵام بۆ شیفا، وەک ئەوەی بیستوومانە، شەڕێکی دوور نەبوو بەڵکو لەبەردەم ماڵەکەی ئەو بوو.

ئەمە، بێگومان، هاندەرێک بوو کە شیفا ئاسودەیی ستۆدیۆی  تەلەفزیۆنەکەی بەجێبهێڵێت و راستییە رەواکە لەنێو گۆڕەپانەکاندا بدۆزێتەوە. شیفا نەهامەتییە مرۆییەکانی هەزاران کەس و قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی وێنا کرد، ئەوەش لە شەڕی دژی داعش و دەرکردنیان لە مۆڵگەکانیان.

زۆربەی کات، کاتێک کە پرسیار لە رۆژنامەڤانان دەکرێت سەبارەت بە رۆڵیان لە گواستنەوەی هەواڵی قەیرانەکان، لەوانەیە گرنگی بینینی رووداوەکانت پێ بگوترێت تاوەکو جیهان ئاگادار بکرێتەوە و لەوانەشە هان بدرێت کە کاردانەوەی هەبێت.لەم شەڕ و پێکدادانەدا، هەندێک رووماڵی راستەقینەی نایاب بوون، لە نێوانیاندا تۆڕی میدیایی رووداو هەیە بە پەیامنێرە ماندوونەناسەکانی،کامێرامان، ئەندازیارانی مانگەدەستکردەکان و بەڕێوەبەرەکانی تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی کە جیهانی دەرەوە لەکاتی خۆیدا شایەتیدەری رووداوەکانی ناوچەکەن.
شیفا، بێگومان، وەک رۆژنامەڤانێک هەڵگری کاری پرۆفێشناڵی رووداو و پیشەکەی بوو.

بۆیە، لە هەڵسەنگاندنی ئەم خەڵاتەدا بەناوی ئەوەوە، ئێمە بەدوای بەرزنرخاندنی چەند بابەتێكی گرنگدا بووین، لەوانەش بوێری لە گواستنەوەی هەواڵ و شایەتیدان لەسەر رووداوەکان، حەماسەت و لێهاتوویی لە گەیاندنی هەواڵ و ئەو تایبەتمەندییانەی کە خانمە رۆژنامەڤانەکانی هێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕ هەڵیانگرتوون.

باشە، براوەی ئەم خەڵاتە، وەک شیفا، هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە. رووماڵەکانی ئەو خانمە، ئەویانی بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بردووە، لە بەنغازی لیبیاوە، کاتێك کە هێزەکانی قەزافی پاشەکشەیان کرد و پاشان هەرەسیان هێنا، تاوەکو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش لە عێراق و دواتر لە سووریا.

کاتێك کە هێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوییانکرد، ئەو لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕی کۆبانێ، رەققە و حەلەب رووماڵی دەکرد.

لە لیژنەی دادوەری ئێمەدا، کە هەموویان دەزانن رووماڵکردنی هەواڵی عێراق و سووریا چ تایبەتمەندییەکی چڕ و تایبەتی پێویستە، شانازییەکی تایبەت هەبوو کە دەنگی ژنێکی لاوی عەرەب، وەک یەکەمین وەرگری ئەم خەڵاتە، هەڵبژێردراوە.

لیژنەکە، بە شێوازی راستگۆیانەی براوەی خەڵاتەکە سەرسام بوو لە گەیشتن بە بابەتەکان و رێبازە راستەقینەکەی بۆ بابەتەکە و دووبارە گەڕانەوە بۆ گواستنەوەی ئەو روداوە تایبەتیانە .
لیژنەی دادوەری خۆشحاڵە بە راگەیاندنی جینان موسا لە تۆڕی( ئەل ئان) وەک یەکەمین براوەی خەڵاتی یادهێنانەوەی شیفا گەردی.

بەڕێزیان، فڕانسوا ئۆڵاند، داوایان لێدەکرێت بفەرموێت خەڵاتەکە پێشکەش بکات و ئێمەش بانگهێشتی جینان دەکەین تاوەکو خەڵاتەکە وەربگرێت.

 

دەقی گوتارەکەی جینان موسا

سڵاو لە هەمووان..
  
خۆزگەم دەخواست بمتوانیبایە ئەم گوتەیە بە زمانی کوردی پێشکەش بکەم، بەڵام بەداخەوە نازانم بەو زمانە قسە بکەم.

رێگەم پێبدەن، ئەمە بە ئینگلیزی بڵێم.

دوو ساڵ لەمەوبەر شیفا گەردی گیانی لەدەستدا. شیفا بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کوژرا، ئەوەش لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەی کە بریتی بوو لە پێدانی زانیاری بە جیهان سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش لە دەوروبەری موسڵ.

بەدڵنیاییەوە شیفا بوێر بوو. ئەو دەیتوانی لە ماڵەکەی خۆی دابنیشێت. ئەو دەیتوانی لە ستۆدیۆ بمێنێتەوە. هیچ کەس ئەوی بە ئەنجامدانی ئەو کارە مەترسیدارە ناچار نەکرد، بەڵام شیفا ئەو کارەی کرد. ئەو لە بەرەکانی شەڕەوە راپۆرتەکانی ئامادەدەکرد و گیانی خۆی بەختکرد.

ئاسانە ببیتە رۆژنامەڤانێكی نێو ستۆدیۆ، ئاسانیشە ببیتە رۆژنامەڤانێک کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەستێرەکانی سینەما ئەنجامبدەیت و ئاسانیشە هەواڵی دوایین مۆدێلی جلوبەرگ بگوازیتەوە.
بەڵام هەرگیز ئاسان نییە ببیتە رۆژنامەڤانێکی نێو بەرەکانی شەڕ.

ئاسان نییە لەگەڵ مەرگ و مەترسییەکاندا مامەڵە بکەیت. خۆت لە بۆمبەکان و گولەکان بشاریتەوە، لەنێوان گولەکاندا خۆت دەرباز بکەیت، بەتایبەتی لەشەڕی دژ بە داعشدا کە تێیدا هەمیشە ترسێكت هەیە لەوەی لەلایەن ئەو گرووپەوە، بڕفێندرێیت و هەمیشە لە مێکشکتدا ئەوە بگوزەرێت کە لەوانەیە ئەمڕۆ دوا رۆژی من بێت، دوا کاژێرم، دوا خوولەک.

 شیفا بەو ترسە ئاشنا بوو. من بەو ترسە ئاشنام، هەموو رۆژنامەڤانەکانی هێڵەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش بەو ترسە ئاشنان.

شیفا لە رۆژی 23ی شوباتی ساڵی 2017دا دوایین تویتی خۆی پۆستکرد، ئەوە دوو ساڵ بەر لە ئیستابوو. دوایین سێ توویتی ئەو سەبارەت بە کەروێشکێکی بریندار بوون کە لە دەوروبەری موسڵ رزگاری کردبوو.

سێ رۆژ دوای ئەوە، ئەکاونتی توویتەرەکەی بێدەنگ بوو، شیفا گیانی لەدەستدا. بەڵام شیفا هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. ئەو هەمیشە بۆ خێزانەکەی ، بۆ هاوڕێکانی و گەلی کورد کە رۆڵێکی مەزنی لە تێکشکاندنی داعش گێڕا، زیندووە.

هەروەها منیش، هیوادارم، بەم خەڵاتە و لەڕێگەی کار و هەواڵ و راپۆرتەکانمەوە ناوی شیفا بۆ هەمیشە لە جیهان بە زیندووی بمێنێتەوە.

سوپاس.

تکایە رێگەم پێبدەن شتێكی دیکە بڵێم. ئەم خەڵاتە بڕێک پارەی لەگەڵە. پلانی من بەخشینی هەموو پارەکەیە. کاتی خۆم تەرخاندەکەم بۆ دۆزینەوەی ئەو خێزان، خەڵک، قوربانیانی داعش و رێکخراوە خێرخوازەکان کە سوودی لێدەبینن.

من لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە- ئەکاونتی توویتەرەکەمەوە بە هەمووتان دەڵێم کە پارەکە بە کێ دەدەم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە