رووداو باشترینەکانی سۆشیاڵ میدیا خەڵات دەکات

رووداو- هەولێر

تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت "لە ئەمساڵەوە خەڵاتی ساڵانەی سۆشیاڵ میدیا دەبەخشینە کەسایەتی و پەیجە کاریگەر و جەماوەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان". بەپێی راگەیێندراوەکەی رووداو، خەڵاتەکان چەند جۆرێک دەبن و بڕیارە ساڵانە لە نەورۆزدا دابەشبکرێن.


هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو رایدەگەیێنێت: "بەخۆشحاڵییەوە وەک نەریتێکی ساڵانەمان پەیج و کەسایەتییە کاریگەر و سەنگینەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵات دەکەین و دەیانکەین بە بەشێک لە هاوبەشی رووداو و کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک فەیسبووک و تویتەر".

بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو راشیگەیاند: "لەمڕۆوە تاوەکو 20-3-2017 هەموو کەسێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەتوانێت پەیج یان کەسایەتییەک پێشنیاز بکات بۆ خەڵاتەکان و دواتر لیژنەیەکی پسپۆڕ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و بڕیار لەسەریان دەدات".

هێمن لهۆنی هەروەها دەڵێ "هەموو پەیج و هەژمارە کوردییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی: فەیسبووک، توویتەر، ئینستاگرام و تەلەگرام دەتوانن بەشداری بکەن".

بەپێی راگەیێندراوەکەی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتەکان بەمشێوەیە دەبێت..

باشترین پەیجەکانی 2017

خەڵاتی پەیجی گشتی:

ئەم خەڵاتە بۆ ئەو پەیجەیە کە زۆرترین ئینگەیجمێنتی هەبووە و توانیوویانە خەڵکێکی زۆر لە خۆیان کۆبکەنەوە.

خەڵاتی کەسایەتی:

ئەم خەڵاتە بۆ ئەو کەسایەتییەیە توانیویەتی لە رێگەی پەیجەکەیەوە زۆرترین زانیاری و جموجووڵی هەبووبێت لەگەڵ فانەکانی.

خەڵاتی هەڵمەت:

ئەم خەڵاتە بۆ ئەو پەیجەیە کە هەڵمەتێکی نیشتمانی بەڕێوەبردووە و سەرکەوتوو بووە لە ئامانجەکانی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.

خەڵاتی براند:

ئەم خەڵاتە دەدرێتە ئەو کۆمپانیایەی کە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە توانیویەتی براندەکەی پێشبخات و سوودی لێ ببینێت.

خەڵاتی داهێنان:

ئەم خەڵاتە بۆ هەر پەیجێکە کە داهێنانی کردووە و شتێکی نوێی بەسوودی خستووەتە ناو سۆشیاڵ میدیای کوردییەوە.

خەڵاتی رووداو:

ئەم خەڵاتەش تایبەت دەبێت و رووداو خۆی دەیداتە چەند پەیجێک.

دەتوانن تاوەکو رۆژی 20-3-2017 بەشداریی بکەن و پەیجەکانی خۆتان بنێرن یان پێشنیازی پەیجێک بکەن بۆ ئەو خەڵاتانەی سەرەوە لە رێگەی ئیمەیڵی: portal@rudaw.net

جگە لە خەڵاتەکە، رووداو هەوڵدەدات هەموو ئەو پەیجانەی کە خەڵاتەکان وەردەگرن ڤێریفای بکات و پەیوەندییان بۆ دروستبکات لەگەڵ کۆمپانیای فەیسبووک.

لە نەورۆز براوەکان رادەگەیەنرێن و دواتر لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتەکان دابەشدەکرێن.