(رووداو) ئاماری چوار ساڵی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی كەركووك بڵاودەكاتەوە

رووداو- كەركووك

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك كە دراوەتە لێژنەی كاروباری ژنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 3028 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی ئەو پارێزگایە تۆمار كراوە، لەوانەش كوشتنی 185 ژن كە 8یان بە هەڵە كوژراون.

لە ئامارەكاندا جۆری توندوتیژییەكان پۆلێن كراون بەسەر كوشتنی بە ئەنقەست، كوشتن بە هەڵە، هەڕەشە، هەوڵی كوشتن و دەستدرێژی، بەڵام ئامارەكە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا هەڵكشان و داكشانی بەخۆیەوە بینیوە و هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە كە رێژەی توندوتیژی بەرەو زیادبوونە یان كەمبوونەوە.

بەپێی ئامارەكە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2012 تاوەكو 2105دا 185 ژن كوژران كە زۆرترینیان لە ساڵی 2014 دا بووە و ژمارەی قوربانییەكان 55 ژن بوونە.

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی كاروباری ژنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت كوشتنی 185 ژن لە ماوەی چوار ساڵدا ژمارەیەكی گەورەیە و داوا دەكات رێكاری توند بۆ كەمكردنەوەی بگیرێتەبەر.

 دادگاكانی كەركووك كار بە یاساكانی حكومەتی عێراق دەكەن، بە تایبەتی یاسای سزاكانی ساڵی 1969 كە لە هەرێمی كوردستان هەموار كراوەتەوە و یاساكە سزایەكی زۆر كەمی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە ژن بە پاساوی پاراستنی شەرەف دەكوژن.

جوان گوتی "پیاو هەیە ژنەكەی دەكوژێ‌ و خۆی رادەستی پۆلیس دەكات و دەڵێت ژنەكەم لەسەر مەسەلەی شەرەف كوشتووە، ئیدی سزایەكی كەم دەدرێ‌".

لە ماددە 409ی یاسای سزاكانی عێراقدا هاتووە "سزا دەدرێت بە حەپسكردن بۆ ماوەیەك نابێ‌ لە سێ‌ ساڵ زیاتر بێت، هەر كەسێك ژنەكەی یان یەكێك لە مەحرەمەكانی لە حاڵەتی زیناكردن بكوژێ‌".

سروود محەممەد بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی رێكخراوی هیوا بۆ داكۆكیكردن لە مافی ژنان، پێیوایە ئەو ژمارەیەی لە ئامارەكەدا هاتووە كەمە، چونكە دەڵێت هەندێك لەو ژنانەی خۆیان كوشتووە، توندوتیژی هۆكار بووە بۆ خۆكوشتنیان، بۆیە دەبێ ئەو خۆكوشتنانەش بچنە خانەی كوشتنی بە ئەنقەست.

هەر بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا حەوت ژن بە هەڵە لەلایەن كەسوكاریانەوە كوژراون، بەڵام سروود گومانی لەو ژمارەیەش هەیە و دەڵێت "ئەو ژمارەیەش زۆر مایەی سەرسوڕمانە و كەمە، دڵنیاین ئەو كوشتنانەش زیاترن. هەندێجار پیاو كە بە سەرخۆشی چووەتەوە ماڵەوە ژنەكەی كوشتووە و گوتوویانە بە هەڵە كوشتوویەتی".

99 هەوڵی كوشتنی ژنان

هەر لەو چوار ساڵەدا 99 هەوڵی كوشتنی ژنان دراوە یاخود كارئاسانی بۆ كوشتنیان كراوە. جوان گوتی "جاری وا هەیە كچێك هەڵەی كردووە و دایكیشی ئەو هەڵەیەی بۆ مێردی یاخود كوڕەكەی گێڕاوەتەوە و لەسەر ئەوە هەوڵی كوشتنی كچەكەیان داوە، یاخود كەسێك پارەی بە كەسێكی دیكە داوە بۆ ئەوەی ئافرەتێكی لە شوێنێك بۆ بێنێتە دەرەوە و بیكوژێت".

لێدان و برینداركردن و ئازاردانی بە ئەنقەست زۆرترین ئەو توندوتیژییانەن كە لە دژی ژنان ئەنجامدراون و ژمارەیان 581 حاڵەت بووە. جوان حەسەن گوتی "ئەو توندوتیژییانە زۆرن، بەڵام هەندێكیان لەلایەن خودی ژنانەوە بووە". هەر لەو چوار ساڵەدا 412 هەڕەشە لە ژنان كراون.

لەسەر كچەكانی لە سێدارە درا

بەپێی ئامارەكەی پۆلیس، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا 42 ژن دەستدرێژییان كراوەتە سەر. هەندێك لەو دەستدرێژیانەش لەلایەن مەحرەمی ئەو ئافرەتانەوە بووە.
جوان حەسەن، باسی یەكێك لەو حاڵەتانەی كرد و گوتی "دوو ساڵ لەمەوبەر باوكێك بە زۆر دەستدرێژی كردبووە سەر دوو كچی خۆی، دواتر كە ئاشكرا بوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، دوای دادگاییكردنی لەسێدارە درا".

153 هەوڵی رفاندن

لەو چوار ساڵەدا 153 هەوڵی رفاندنی ژنان و كچان تۆمار كراوە، یاخود كەسێك داوای لە كەسێكی دیكە كردووە بۆ رفاندنی كچێك هاوكاریی بكات، بەڵام جوان حەسەن دەڵێت "هەموو رفاندنێك تاوان نییە، بۆ نموونە كچێك لەگەڵ كوڕێك بەخواستی خۆی رۆیشتووە و دواتر باوكی دەڵێت رفێنراوە، بەڵام ئەوە ناچێتە چوارچێوەی تاوانەوە".